پۆلیسی دهۆك رایگەیاند، دوای مانگێك لە روداوەكە بكوژی ژنێك لە سەنتەری شاری دهۆك دەستگیركرا كە لە كاتی دەستگیركردنیدا روبەڕوی هێزە ئەمنییەكان بۆتەوە.
ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای دهۆك، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، مانگێك لەمەوبەر لە كۆمەڵگەی مسیریك-ی سەربە قەزای سێمێل، ژنێكی 24 ساڵان لەلایەن كەسێكی نەناسراوەوە كوژراو بكوژەكەش بۆ شوێنێكی نادیار هەڵات.
ئاماژەی بەوەشداوە لەدوای دەستپێكردنی لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس و كۆكردنەوەی زانیاری، شوێنی تۆمەتبارەكە لەناو سەنتەری شاری دۆهك دیاریكراو مەفرەزەیەك لە ئەفسەران و پۆلیسی نەهێشتنی تاوان سێمێل و دهۆك پێكهێنراو شوێنی تۆمەتبارەكەیان گەمارۆدا.
پۆلیس وتوشیەتی، هەرچەندە تۆمەتبارەكە بە چەك و هاویشتنی نارنجۆكێك روبەڕوی مەفرەزەكەی پۆلیس بوەوە، بەڵام پۆلیس توانیان بێ زیان تۆمەتبارەكە دەستگیربكەن و دەستیش بگرن بەسەر دەمانچەیەكی جۆری كڵۆك و نارنجۆكێكدا كە بە تۆمەتبارەكە بون.
ئەوەشی خستۆتەڕو، تۆمەتبارەكە بە بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوە بەندكراوە.