وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، لەسەر بنەمایەی رێككەوتنی نێوان وەزارەتەكەیان و نوسینگەی جێگری سەرۆك وەزیران و وەزارەتی پێشمەرگە بڕیاردراوە بە تەمویلكردنی موچەی خانەنشینانی هێزەكانی یەكەی حەفتاو سەرەتای هەفتەی داهاتو موچەكانیان دابەش دەكرێت.
ئاوێنە: وەزارەتەكە، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، لەسەر بنەمای گفتوگۆو ڕێکكەوتنی نێوان وەزارەتی دارایی و نوسینگەی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە کە پێویستە تا کۆتایی ئەمساڵ دۆسیەی سەرجەم خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی حەفتا ڕەوانەی بەڕێوبەرایەتی خانەنشینی لە وەزارەتی پێشمەرگە بکرێت و دوای وردبینی و پەسەندکردنی دۆسیەکان ڕەوانەی وەزارەتی دارایی بکرێت، بەبڕیاری ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری تەمویلی موچەی مانگی ئابی خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی حەفتا کرا.
ئەوەشی خستۆتەڕو، لەسەرەتای هەفتەی داهاتو موچەکانیان دابەش دەکرێت.