شنیار ئەنوەر، کاندیدی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات لەکەمپەینی کۆمارییەکانی ئەمەریکاو لەکۆبوونەوە جەماوەرییەکانی کەمپەینی دۆنالد ترامبدا بەشداری کردووەو لۆبی بۆ کردووە، ئەو دەڵێت "نابێت پەرلەمان بکرێتە سەرچاوەی داهاتو پارە پەیداکردن، پەرلەمان ئایدیایە، پڕۆژە یاساو شوێنی لێپرسینەوەی حکومەتە".
ئاوێنە: شنیار ئەنوەر بەئاوێنەی راگەیاند "لەئەمریکا دەنگدەر پارە کۆدەکاتەوە بۆ سەرخستنی کاندیدەکان ئەگەر بەدۆلارێکیش بێت، چونکە باوەڕیان بەئایدیاکەی ھەیە، بەڵام لەکوردستان ئەم ماوەیە خەڵکی بەردەوام داوای پارەم لێدەکەن، لێمناپرسن پڕۆژەو ئایدیاکانم چیە، یان دەمەوێت چی بکەم کە دەچمە پەرلەمان، چی پێشکەشی ئەو خەڵکە بکەم، سەیر ئەوەیە لێرە خەڵک ھەیە داوای پێنج ملیۆن دینار دەکات، ھەیە داوای ئەوە دەکات کرێ خانوەکەی بۆ بدەم".
وتیشی "منو سەرکەوت شەمسەدینی ھاوسەرم پێکەوە دوانەیەکین بەردەوام گفتوگۆمان ھەیە، من زۆر کاریگەریم لەسەر ئەو ھەیە، منیش زۆر گوێ بۆ ئەو دەگرم، بەڵام بیرمان نەچێت بنەماڵەکەم سیاسی بوونو باپیرم شەھیدی سەنگەرە، دایکم یەکێک بوە لەو کەسانەی بەنھێنی تایپی بۆ پێشمەرگە کردووە، وەک خۆشم لەئەمریکا خوێندکارمو بۆ سیاسەت دەخوێنم، حەزیشکم کردووە سیاسەت ھەڵبژێرم لەژیانی ڕۆژانەمدا، ئێستا لەئەمەریکا خوێندکاری سیاسەتی گشتیم".
بەرای شنیار ئەو قسانەی دەکرێن دەربارەی ئەوەی ھاوسەرەکەی پەرلەمانتار بووە، خۆشی دەبیتە پەرلەمانتار بۆ پارە، بەقسەو قسەلۆکی پاراستنی پارتی ناودەبات کە ئەویان کردوەتە ئامانجو رۆژانە پاگەندەی بۆ دەکەن، ئەو وتی "ئەو قسانەی دەربارەی پەرلەمانتاریی منو ھاوسەرەکەم دەکرێت، ھەمووی قسەو قسەڵۆکی نەیارەکانی منە بەتایبەت پاراستنی پارتی، کە دۆخی سەرۆکەکەی بەدەست منەوە زۆر خراپ بوو لەماوەکانی پێشووداو رقیان لەکارەکانی منە لەبەرئەوەی بەردەوام قسە لەسەر گەندەڵییەکانیان ئەکەمو پشتگیریی ئازادی رادەربڕینو دژایەتی نادادپەروەری دەکەم، من ئەو پارەیەی لەدەستخستنی زانیارییەکانی ئەودا سەرفمکردووە، ناتوانم بە ١٠ساڵی پەرلەمانتاری پەیدای بکەمەوە، بەڵام خواستی من ئیشکردنە لەسیاسەتداو لەهەر شوێنێک نادادپەروەری هەبێت قسەی لەسەر بکەم، بۆ خۆم لەخێزانێکی دارایی باش ھاتومەتە دونیاوەو پێویستم بەپارە نییە".
کلیک لەسەر ئەم لینکە بکەو راپۆرتێک لەمبارەوە بخوێنەرەوە:
https://www.awene.com/detail?article=117002