"زۆرینەی ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان متمانەیان بەخشی بە دانا ئەحمەد مەجید وەك رێكخەری گشتی"
  2024-10-09       748       

بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە كۆبونەوەیەكی نائاساییدا، زۆرینەی ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەكە، متمانەیان بەخشیوە بە دانا ئەحمەد مەجید وەك رێكخەری گشتی.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی بزوتنەوەی گۆڕان، ئەمڕۆ چوارشەممە کۆبونەوەى نائاسایی جڤاتى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆران، بە بەشداری زۆرینەی ئۆرگانەکان و ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی، لە مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی بەڕێوەچوە.

لە كۆبونەوەكەدا دانا ئەحمەد مەجید، رێکخەرى گشتى بزوتنەوى گۆران، هەڵوەستەی لەسەر گۆڕانکارییە سیاسیەکانی ناوچەکە کرد و ڕایگەیاند، شەڕو ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە هەڕەشە لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەن، هەربۆیە لەم بارودۆخە هەستیارەی ناوچەکە پێیدا تێدەپەڕێت، ئەرکی لایەنە سیاسیەکانی هەرێم و حکومەتی هەرێمە، بە ستراتیجێکی نیشتیمانی مامەڵە لەگەڵ پەرەسەندنەکانی ئەم دۆخەکە بکەین و لەپێناو بەرژەوەندى گشتى هاوڵاتیان و میللەتەکەمان خۆمان و هەرێمى کوردستان لەو ململانێ و ئاڵۆزیانەدا بپارێزن و هاوسەنگی سیاسیی ڕابگرین.

‎لەبارەى پرۆسەى هەڵبژاردنیش، ڕێکخەری گشتى، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی بە وێستگەیەکی گرنگی دیموکراسی بۆ هەرێم و بزوتنەوەی گۆڕان ناوبرد و، داوای لەسەرجەم ئۆرگان و یەکە رێکخراوەکانى گۆران کرد، بە پەرۆش و بە گڕوتینەوە بەشدارى بانگەشەى هەڵبژاردن بکەن و هەمو هەوڵێک بخەنەگەڕ بۆسەر خستنى کاندیدانى لیستى 114ى بزوتنەوى گۆران لە هەر چوار بازنەی هەولێر و سلێمانی و دهۆک و هەڵەبجە.

دانا ئەحمەد مەجید "پشتیوانی چەندین دامەزراوە و کەسایەتى و نوسەرو رۆشنبیرانی بەرز نرخاند، کە بەدەم گوتاری نوێی بزوتنەوى گۆرانەوە هاتون." و وتیشی"ئەمە نیشانەى سەرکەوتنى خەباتی سیاسیی گۆڕانە، کە ڕو لە خەڵکە و جگەلەوەی ددان بە هەڵەکاندا دەنێین، بزوتنەوى گۆرانیش بۆ قۆناغى ئۆپۆزسیۆنی سیاسیی ئامادە دەکەین."

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، "‎لە کۆتایی كۆبونەوەكەدا، زۆرینەى ئەندامانی جڤاتى نیشتیمانى، متمانەیان بەخشیەوە بە دانا ئەحمەد مەجید، وەک رێکخەرى گشتى بزوتنەوى گۆران، ئەمەش دوایئەوەی لە رۆژى 18ى ئەیلولى 2024دا، بە نوسراوی فەرمی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، سەرجەم دەسەڵاتە رێکخراوەییەکانى بزوتنەوەی گۆڕان لەرێگەى عومەر سەید عەلیەوە گواسترایەوە بۆ دانا ئەحمەد مەجید، کە پەیڕەوى دەسەڵاتەکانى رێکخەرى گشتى بکات، دواتریش لە (28ی ئەیلولی 2024) لەمەراسیمێکدا لە شاری سلێمانی دەستاودەستی دەسەڵات کرا و بەیداخی بزوتنەوەی گۆڕان پێشکەش بەرێکخەرى نوێی گشتى بزوتنەوەى گۆڕان کرا."

 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×