هێمن هەورامی: یەكێتی بە پشتیوانی چەند لایەنێك دەیەوێت دەنگی هاوڵاتیان تەزویر بكات
  2024-10-09       342       

بەپێی قسەس هێمن هه‌ورامی،‌ ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ پارتی‌،‌ لە عێراق و دەرەوەش چەند لایەنێک پشتگیریی یەکێتی دەکەن بۆ ئەوەی بتوانێت دەنگی هاوڵاتییان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی "تەزویر بکات" و دەشڵێت: دەبێت سلێمانی‌ له‌ ده‌ست ده‌سه‌ڵاتی‌ خۆسه‌پێنی‌ ئێستای‌ یه‌كێتی‌ رزگار بكرێت.

ئاوێنە: هێمن هه‌ورامی،‌ ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە بە میدیای حزبەكەی وت"یه‌كێتی‌ هه‌مو پلانه‌كانی‌ بۆ ئه‌وه‌ بو هه‌ڵبژاردنێكی‌ پێشتر دیزاین بۆكراو ئه‌نجام بده‌ن".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ "ئه‌م بابه‌ته‌ ته‌نها په‌یوه‌ست نه‌بو به‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستانه‌وه‌، پێشتریش له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك سه‌رانی‌ ئێستای‌ یه‌كێتی‌ به‌ پیلانێكی‌ ئیقلیمی‌ 100 هه‌زار ده‌نگیان له‌ كه‌ركوك بۆ زیاد كرا".

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕو كه‌ "ئه‌و ده‌نگانه‌ی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق له‌ مانگی‌ 10ی‌ 2021 له‌ كه‌ركوك هێنای‌ نزیكه‌ی‌ 70 هه‌زار ده‌نگ بو، به‌ڵام به‌ قودره‌تی‌ قادری‌ پێشتر دیزاینكراو به‌ ته‌زویر توانییان له‌لایه‌ن هێزێكی‌ ئیقلیمی‌ و به‌ناو هاوپه‌یمانیان له‌گه‌ڵ‌ هه‌ندێك خه‌ڵكی‌ ناو دامه‌زراوه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ فیدڕاڵی‌ ده‌نگه‌كانیان سه‌دا 100 زیاد بكرێت".

وتیشی‌: "ده‌یانویست به‌هه‌مان شێوه‌ی‌ ئه‌و ته‌زویره‌ی‌ له‌ كه‌ركوك بۆیان كرابو كه‌ پاداشتی‌ خیانه‌ته‌كانیان بو، له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان هه‌ڵبژاردن بكرێت و پێیانوترابو كه‌ زه‌مانه‌تی‌ 30 كورسییان بۆ ده‌كه‌ن".

هێمن هه‌ورامی‌ باسی‌ له‌وه‌ كرد كه‌ "جوتبرای‌ كوده‌تاچی‌ ئێستا به‌ زۆر خۆیان به‌سه‌ر یه‌كێتیدا سه‌پاندوه‌ رێزله‌ مێژوی‌ رابردوی‌ حزبه‌كه‌ی‌ خۆیان و مێژوی‌ باوكیشیان ناگرن".

بەقسەی ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی پارتی "خه‌ڵكی‌ تێكۆشه‌ری‌ ناو یه‌كێتی‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌م هاشوهوشه‌ی‌ ئه‌م یه‌كێتییه‌ی‌ ئێستا نین و ده‌بێت سنوری‌ سلێمانی‌ له‌ ده‌ست ده‌سه‌ڵاتی‌ خۆسه‌پێنی‌ ئێستای‌ یه‌كێتی‌ رزگار بكرێت."

هێمن هەورامی ‌ راشیگه‌یاند"ده‌بێت لایه‌نه‌كان له‌گه‌ڵ‌ پارتی‌ نه‌هێڵن پرۆسه‌ی‌ ده‌نگدان به‌ ساخته‌كاری‌ بكرێت".

له‌ به‌شێكی‌ تری‌ لێدوانه‌كه‌یدا هێمن هه‌ورامی‌ وتی "ئه‌و ئاسته‌ نزمه‌ی‌ بافڵ‌ تاڵه‌بانی‌ بانگه‌شه‌ی‌ پێده‌كات، خه‌ڵمی‌ پارتی‌ به‌جۆشتر ده‌كات".

راشیگه‌یاند"خه‌ڵكی‌ كوردستان ده‌بێت له‌سه‌ر سندوقه‌كانی‌ ده‌نگدان كۆتایی به‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ جوتبرا بهێنن."

هێمن هەورامی لەبارەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن وتی"دەبێ تەواوی دەنگی هاوڵاتییان لە هەڵبژاردندا بەدەست هەژمار بکرێنەوە بە ئامادەبونی نوێنەری تەواوی لایەنە سیاسییەکان، داواش لە لایەنەکان دەکەین لەگەڵ پارتی ڕێگریی لە ساختەکارییەکانی یەکێتی بکەن."

ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی ئاماژەی بەوەش كرد"لە عێراق و دەرەوەی وڵاتەکەش چەند لایەنێک پشتگیریی یەکێتی دەکەن بۆ ئەوەی بتوانێت دەنگی هاوڵاتییان تەزویر بکات، هاوکات ئەنجامەکانی هەڵبژاردنیش بگۆڕێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×