مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی رایگەیاند، دەبێت كۆتایی بەو دەسەڵاتە بێت كە بە كودەتا خۆی سەپاندوەو دەشڵێت، پڕۆژەی هەژماری من بۆ ئەوەیە كە هاوڵاتیان خاوەن بڕیاری خۆیان بن و ناچار نەبن هیچ لایەنێكی سیاسی بڕیار لە چارەنوسییان بدات.
ئاوێنە: مەسرور بارزانی، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە سۆران بەشداریی لە هەڵمەتێكی بانگەشەی هەڵبژاردنی حزبەكەیدا رایگەیاند"ئەگەر ئەوان شانازی دەکەن لایەنی بیانی و دەستی دەرەکییان لەپشتە، ئێمەش شانازی دەکەین خودا و خەڵکمان لەپشتە، هیچ هێزێک ناتوانێت بەرامبەر هێزی گەل بوەستێت. هیچ هێزێک ناتوانێت بەرامبەر ئیرادەی گەلی کوردستان بوەستێت و هەمیشە شکستیان هێناوە، لە دروشمەکانیان دیارە ئەو وڵاتە بەرەو کوێ ببەن، هەر دەڵێن تێکی دەدەین و دەیڕوخێنین، ناتوانن خزمەتی خەڵک بکەن بۆیە هەوڵی تێکدان دەدەن و لەمە زیاتر هیچ شتێکی دیکە نازانن".
مەسرور بارزانی ئاماژەی بە دروشمی ئەو لایانانەدا کە دەیانەوێت ململانێی پارتی بکەن و وتی: "ئەوان یەک دروشمیان پێ نییە بۆ ئێوە کە باسی ژیان و گوزەرانی ئێوە بکات. هیچ شتێکیان پێ نییە بەڵێنێک بە ئێوە بدەن کە داهاتو چۆن بۆ خەڵکی کوردستان باشتر ببێت. تەنیا شتێک کە ئەو لایەنانە کە لە دروشمەکانیان دیارە هەموی بۆ نائومێدکردنی خەڵکی کوردستانە."
جێگری سەرۆکی پارتی وتیشی: "ئێمە بەجۆرێکی دیکە هاتوین و دروشمەکانی پارتی دیارە، بەڵام دێن و بە ئێمە دەڵێن کۆتاییتان پێدەهێنین، بە ئێمە دەڵێن ڕاتان دەگرین، بە ئێمە دەڵێن بەسە، بە ئێمە دەڵێن تێکی دەدەین و دەیڕوخێنین... نەک ئێستا لە سەرەتای دروستبونی پارتی تاوەکو ئێستا زۆر لەو لایەنانە هەبون کە هیچ ئامانجێکی دیکەیان نەبوە جگە لەوەی بەربەست بۆ پارتی دروست بکەن و نەیەڵن پارتی سەربکەوێت و ئەو گەلە بە کەناری ئارامی بگات، لەوکاتەوە هەوڵیانداوە و تاوەکو ئێستاش نەوەستاون... ئێستاش بە شێوازی تر خەریکی ئەوەن بمانوەستێنن، بەڵام چۆن لەوکاتدا نەیانتوانی ئێستاش ناتوانن."
مەسرور بارزانی باسی لەوەش کرد، "بۆ ئەوەی دەسەڵاتی خۆسەپێن نەمێنێت، دەبێت ئەو دەسەڵاتەی کە بە کودەتا هاتوەتە سەر حوکم و خۆی بەسەر جومگەکانی حکومڕانی لە کوردستان سەپاندوە، دەبێت کۆتایی بەو دەسەڵاتە خۆسەپێنە بێت."
وتیشی"بۆ ئەوەی کێشەی ماددەی هۆشبەر چارەسەر بکرێت دەبێت ئەو کارگانەی کە بۆ ماددەی هۆشبەر دروستکراون تێکبدرێن...بۆ ئەوەی گەندەڵی نەمێنێت، ئەوانەی پارە سپی دەکەنەوە بە فڕۆکەی تایبەت پارە لە وڵات دەبەنە دەرەوە، دەبێت ئەوانە نەمێنن."
ئەوەشی خستەڕو"بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان ئاسودە بێت، دەبێت چاو سورکردنەوە و سەرانە سەندن نەمێنێت، دەبێت ترس و تۆقاندن نەمێنێت...بۆ ئەوەی تیرۆر نەمێنێت، دەبێت ئەو تیرۆریستانەی کە خەریکی تیرۆرکردنی هاوڵاتی کوردستانن ڕادەستی یاسا بکرێن."
جێگری سەرۆکی پارتی وتیشی"دەستی ئاشتی بۆ هەمو لایەک درێژ دەکەین، بەڵام ئەگەر ناتوانن نیشتمانپەروەر بن.. هیچ نەبێت با خاک فرۆش نەبن".
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەدا "زۆر كەس هەن لە پێناو مانەوەی خۆیان ئامادەن هەمو شت بکەن..ئامادەن هەمو شتێک ڕادەستی ناحەز و نەیار بکەن، ئامادەن هەرچی سوکایەتییە بیکەن و هەرچی سوکایەتیشە قبوڵی بکەن. ئامادەن هەمو مافێک ڕادەست بکەن تەنیا لە پێناو مانەوەی خۆیان. بەڵام بارزانی و پارتی فێری کردین ئێمە بە ئیرادەیەکی بەهێز دەتوانین هەمو مافەکانمان بە دەستبهێنین و بمێنین و بە هیچ جۆرێکیش سەر بۆ هیچ لایەنێک شۆڕ نەکەین".
بە وتەی مەسرور بارزانی، ئەوان هەوڵێکی زۆریان داوە بۆ ئەوەی زۆر پرۆژەی خزمەتگوزاری بۆ خەڵکی کوردستان دەستەبەر بکەن و ئەنجامیان بدەن، "یەکێک لەو پرۆژانە ئەوەبوە کە ئێمە بەرەو سیستمێکی پێشکەوتوی حکومڕانی هەنگاو بنێین. بۆ ئەوەی سەرکەوتوش بین پێویستە ژێرخانێکی بەهێزی ئابوری و ئیداری و بانکی و خزمەتگوزاری لە هەمو ڕوێکەوە بونیاد بنێین. بەڵام ئەمە بۆ هەندێک لایەن بوەتە جێگەی مەترسی، چونکە هەر ئێمە توانیمان بە شێوەیەکی یاسایی و ڕون کارەکان بکەین و لە خزمەتی هاوڵاتیاندا بین و بڕیار بۆ هاوڵاتی بگەڕێنینەوە.. ترسیان لێ نیشتوە وا دەزانن ئەمە لە دەسەڵاتی ئەوان کەمدەکاتەوە و ناتوانن چتر بە هەڕەشە و موچە بڕین و ترساندنی خەڵک وەلائـ بۆخۆیان بکڕن، بۆیە دژی ئەو پرۆژانە دەوەستنەوە."
یەکێکیش لەو پرۆژانە وەک مەسرور بارزانی ئاماژەی بۆ کرد، پرۆژەی "هەژماری منە"و وتی"پرۆژەی هەژماری من بۆ هاوڵاتییە، بۆ ئەوەی هاوڵاتی بتوانێت ببێت بە خاوەن بڕیاری خۆی، موچە لە کاتی خۆیدا وەربگرێت بەبێ ئەوەی ناچار بێت هیچ لایەنێکی سیاسی بڕیار لەسەر چارەنوسی بدات."
وتیشی"بەڵام ئەو لایەنانەی کە دژی ئەو پرۆسەیە دەوەستنەوە، ئەوانەن کە دەترسن لەوەی هاوڵاتی خاوەن ئیرادە و بڕیار بێت. دەیانەوێت هاوڵاتی هەمیشە گیرۆدەی دەستی ئەوان بێت، ئەوان بچن موچەیان بۆ دابین بکەن و ئەگەر بە قسەی ئەوان نەکەن موچەیان لێ ببڕن. هەر بۆیەشە دژی دەوەستنەوە."