وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم لەبارەی کێشەی موچەی خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی حەفتا رایگەیاند، خانەنشیانی ئەو هێزانە كە ژمارەیان زیاتر لە نۆ هەزار كەسە، هیچ دۆسیەیەكیان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی سەربە وەزارەتەكەیان نییە.
ئاوێنە: وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم، ئەمڕۆ چوارشەممە، رونكردنەوەیەكی سەبارەت بە چەندبارەبونەوەی کێشەی موچەی خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی حەفتا کە ژمارەیان زیاتر لە نۆ هەزار کەسە بڵاوكردەوەو رایگەیاند، ماوەی شەش مانگە لەوەزارەتی دارایی عێراقەوە بەهۆی نەبونی دۆسیە لەوەزارەتی پێشمەرگەو وەزارەتی دارایی هیچ بڕە پارەیەکیان بۆ خەرج نەکراوە.
وەزارەتەكە ئاماژەی بەوەداوە كە "خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی حەفتا هیچ دۆسیەیەکیان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی لەوەزارەتی دارایی و ئابوری نییە."
جەختیشی كردۆتەوە كە "بەرپرسانی ئێستاو پێشوی هێزەکانی یەکەی حەفتا بەرپرسن لە کێشەی موچەی ئەو خانەنشینانەو لەماوەی ١٠ ساڵی ڕابردودا نەیانتوانیوە دۆسیەکانیان بگوازنەوە سەر بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی لەوەزارەتی دارایی و ئابوری."
ئەوەشی خستۆتەڕو"سەرەڕای فشارەکان و دوبارەبونەوەی کێشەی موچەی ئەو خانەنشینانە، لەچەند ڕۆژی ڕابردودا تەنیا ٢٠٠ دۆسیە ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی پێشمەرگە لەوەزارەتی پێشمەرگە کراوە، دوای وردبینی دەرکەوتوە کەموکوڕیەکی زۆر لە دۆسیەکانیاندا هەیەو دەبێت بگەڕێندرێتەوە بۆ بەڕێوبەرایەتی خانەنشینی هێزەکانی یەکەی (٧٠)."
هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە "لەماوەی پێنج ساڵی ڕابردو تا مانگی پێشوش لەسەر بڕیارو بەرپرسیاریەتی بەڕێز وەزیری دارایی و ئابوری موچەی مانگی تەمموزیان بۆ خەرج کرا، ئەوەش لە کاتێکدایە ئەو خانەنشینانە هیچ تەرخانکراوێکی داراییان لەوەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ نییە."
دەقی رونكردنەوەكە:
ڕونکردنەوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی و بەڕێوەبەرایەتی ژمێرکاری وەزارەتی دارایی و ئابورییەوە
سەبارەت بە چەندبارەبونەوەی کێشەی موچەی خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی حەفتا کە ژمارەیان زیاتر لە نۆ هەزار کەسەو ماوەی شەش مانگە لەوەزارەتی دارایی عێراقەوە بەهۆی نەبونی دۆسیە لەوەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی دارایی هیچ بڕە پارەیەکیان بۆ خەرج نەکراوە، چەند بەرپرسێکی ئەو هێزانە لە لێدوانەکانیاندا وەزارەتی داراییان بەهۆکاری دواکەوتنی موچەی ئەو خانەنشینانە تۆمەتبار کردوە، بۆ خستنەڕوی ڕاستییەکان و چەواشەنەکردنی ڕایگشتی بەپێویستمان زانی ئەم چەند خاڵەی خوارەوە بخەینەڕو:
١- خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی حەفتا هیچ دۆسیەیەکیان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی لەوەزارەتی دارایی و ئابوری نییە.
٢- بەرپرسانی ئێستا و پێشوی هێزەکانی یەکەی حەفتا بەرپرسن لە کێشەی موچەی ئەو خانەنشینانەو لەماوەی ١٠ ساڵی ڕابردودا نەیانتوانیوە دۆسیەکانیان بگوازنەوە سەر بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی لەوەزارەتی دارایی و ئابوری.
٣- بەپێی یاسا پێویستە سەرەتا دۆسیەی ئەو خانەنشینانە بچێتە بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی لە وەزارەتی پێشمەرگە، دوای وردبینی و بەدواداچون ئەگەر دۆسیەکانیان هیچ کێشەی نەبو ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری دەکرێت لە وەزارەتی دارایی و ئابوری، دوای تەرخانی دارایی دۆسیەکانیان دەچێتە بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشین لە وەزارەتی دارایی و ئابوری.
٤- سەرەڕای فشارەکان و دوبارەبونەوەی کێشەی موچەی ئەو خانەنشینانە، لەچەند ڕۆژی ڕابردودا تەنیا ٢٠٠ دۆسیە ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی پێشمەرگە لەوەزارەتی پێشمەرگە کراوە، دوای وردبینی دەرکەوتوە کەموکوڕیەکی زۆر لە دۆسیەکانیاندا هەیەو دەبێت بگەڕێندرێتەوە بۆ بەڕێوبەرایەتی خانەنشینی هێزەکانی یەکەی (٧٠).
٥- لەماوەی پێنج ساڵی ڕابردو تا مانگی پێشوش لەسەر بڕیارو بەرپرسیاریەتی بەڕێز وەزیری دارایی و ئابوری موچەی مانگی تەمموزیان بۆ خەرج کرا، ئەوەش لە کاتێکدایە ئەو خانەنشینانە هیچ تەرخانکراوێکی داراییان لەوەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ نییە.
٦- بەپێی نوسراوی ژمارە (١٥٧١٧) کە لە ڕێکەوتی (٢٠١٥/٨/١٥) لەوەزارەتی دارایی و ئابورییەوە ئاڕاستەی وەزارەتی پێشمەرگە کراوە تیایدا داواکراوە ئەو خانەنشینانەی هێزەکانی یەکەی حەفتا بە چ فەرمانێکی هەرێمی یاخود لەسەر بنەمای چ نوسراوێکی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران خانەنشین کراون بۆمان ڕەوانە بکەن، بەڵام دوای تێپەڕبونی زیاتر لە نۆ ساڵ هێشتا وەڵامی ئەو نوسراوەیان نەداوەتەوە.
شایەنی باسە بەپێی یاسای چاکسازی و ڕاپۆرتەکانی تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی نابێت هیچ خانەنشینێک لە دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەبێت، دوپاتی دەکەینەوە بەرپرسی کێشەی موچەی ئەو خانەنشینانە بەرپرسانی ئێستاو پێشوی هێزەکانی یەکەی حەفتان نەک وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکانی.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشین/بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری/ وەزارەتی دارایی و ئابوری
٢٠٢٤/١٠/٩