دادگای باڵای فیدراڵی كە باڵاترین دەسەڵاتی دادوەرییە لە عێراق، وەڵامی داواكاریی پەرلەمانی دایەوە بۆ ڕوونكردنەوەی ئەو ڕێكارە دەستوورییەی، كە پێویستە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە بگیرێتەبەر لە ئەگەری لاوازی حكومەت لە كۆتاییهێنان بە ئەركی هێزە بیانییەكان.
ئاوێنه: لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەلایەن سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراقەوە داوایەك پێشكەش بە دادگای فیدراڵ كرا، بۆ ڕوونكردنەوەی ئەو ڕێكارە دەستوورییەی، كە پێویستە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە بگیرێتەبەر لە ئەگەری لاوازی حكومەت لە كۆتاییهێنان بە ئەركی هێزە بیانییەكان.
بەگوێرەی نووسراوێكی فەرمی دادگاكە، کە واژۆى دادوەر جاسم محەمەد عەبودی سەرۆكی دادگاكەی لەسەرە، دەڵێت: ئەم داواكارییە “بەهۆی نەبوونی دەسەڵاتی دادوەرییەوە” ڕەتكرایەوە، دەبێت لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە ڕێكار بگیرێتەبەر لە ئەگەری لاوازی دەسەڵاتی جێبەجێكردن لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی ئەو سەروەرییە و كۆتاییهێنان بە كار و بوونی هێزە بیانییەكان لەناو وڵاتەکەمان.
واشنتۆن و بەغدا لەسەر پلانی كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتی ئەمریكا لە عێراق لە ماوەی ١٢ مانگدا گەیشتنە ڕێككەوتن، ئامانجی ئەمریكا و عێراق پێكهێنانی پەیوەندییەكی نوێی ڕاوێژكارییە، كە ڕەنگە دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراقدا بمێننەوە.
بڕیار بوو چەند هەفتەیەك لەمەوبەر ڕاگەیاندراوێكی فەرمی لەبارەى ڕێککەوتنەکەوە دەربكرێت، بەڵام بەهۆی پەرەسەندنی گرژییەكانی ناوچەكە دوای ڕووداوەكانی غەزە و ڕووداوەكانی وەك بۆردوومانی بنكەی “عەین ئەسەد” دواخرا.