مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دهڵێت، لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەرگایان بۆ بەغدا کردەوە دەستوەردان لەهەرێمەکە بکات، بهوتهی ئهو، "ئەمە دژی سیستمی فیدراڵییە." دهشڵێت، "زۆر کەس هەن لە بەغدا هێشتا باوەڕیان بە فیدراڵی نییە".
ئاوێنه: مەسرور بارزانی لەگەڵ ژمارەیەک هاوڵاتی لە قەڵای هەولێر گفتوگۆی کرد و وەڵامی پرسیارەکانی دانەوە، لەو گفتوگۆیەدا زۆر بابەتی گشتیی پەیوەست بە هەولێر و دۆخی هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردن تاوتوێ کران.
مەسرور بارزانی باسی بەشێک لە گرفتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقی کرد، ئاماژەی بەوەدا کە زۆر کەس هەن لە بەغدا هێشتا باوەڕیان بە فیدراڵی نییە، هەروەها بیرۆکەی بە مەرکەزیکردنی حوکمڕانی کێشەی لێدەکەوێتەوە و وتیشی، "پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ بەرێز سەرۆک وەزیرانی عێراقدا هەیە و نییەتی ئەوەمان هەیە لەگەڵ بەغدا چارەسەری کێشەکان بکەین و هەرێمی کوردستان ئەرکەکانی خۆی لەبەرامبەر عێراق جێبەجێکردووە."
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئهوهشی وت، لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەرگایان بۆ بەغدا کردەوە دەستوەردان لەهەرێمەکە بکات، بهوتهی ئهو، "ئەمە دژی سیستمی فیدراڵییە."
لەبەشێکی دیکەی گفتوگۆی مەسرور بارزانی و لە وەڵامی بەرزی و نزمیی رێژەی بەشداری و کاریگەریی دەنگی هاووڵاتییان ئاماژەی بەکۆمەڵێک بابەت کرد و وتی، "رەنگە رەوتێکی سیاسی هۆکار بێت بۆ بێئومێدیی خەڵک لە دەنگدان، هیوادارم لەم هەڵبژاردنە رێژەی بەشداریی هاوڵاتیان زیاتر بێت، چونکە زۆر گرنگە هاوڵاتیان دەنگ و رەنگیان لە رۆژی دەنگدان دیاری بکەن و داوامان لە هەموو هاوڵاتیان ئەوەیە بەشدارییەکی کارا بکەن لە هەڵبژاردن، چونکە ئەنجامی هەڵبژاردن کاریگەریی لەسەر داهاتووی هاووڵاتییان دەبێت."
لەوەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی بانگەشەی هەڵبژاردن و پێکەوەژیان مەسرور بارزانی لە بەرنامەکەدا دەڵێت، "هەرێمی کوردستان بە لانکەی پێکەوەژیان ناسراوە و شانازی پێوە دەکات و ئێمە هەر لە سەرەتاوە داوای بانگەشەیەکی ئاراممان لە هەموو لایەنەکان کردووە و هەر حیزب و لایەنێک بە زمانێکی زبر بانگەشە بکات گوزارشت لە خۆی دەکات."