ئا: هێڤی ئاوات
به‌شێك له‌و کچانەی ته‌مه‌نیان هەڵکشاوەو تا ئێستاش نه‌چوونه‌ته ژیانی هاوسه‌رییه‌وه، گله‌یی لهبهختو ژیانی خۆیان ده‌كه‌ن كه ته‌مه‌نیان تێپهڕیو خۆشهویستیو ژیانی هاوسه‌رگیرییان ئه‌زمون نه‌كرد، بەشێکیشیان دەڵێن "باشتر کە هاوسەرگیرییمان نەکرد لەوەی بمانکردایەو شکستمان بهێنایە"، توێژه‌رێكیش پێی باش نییە وشەی "قه‌یره"یان بۆ بەکاربهینرێت.
"پەشیمانم!"
هێشوو حەسەن، ئەندازیارێكی ته‌مه‌ن چل‌و پێنج ساڵه‌و تا ئێستا نه‌چووه‌ته ژیانی هاوسه‌رییه‌وه‌و پێیوایه هه‌ڵه‌ی كردووه كه ئه‌م ژیانه‌ی ئێستای بۆ خۆی هه‌ڵبژاردووه، ئەو بەئاوێنەی وت "ئێستا ده‌زانم چ هه‌ڵه‌یه‌كم كردووه، چونكه هه‌ر كه‌سێك داوای ده‌كردم ره‌تم ده‌كرده‌وه‌و مه‌رجم ئه‌وه بوو نابێت بڕوانامه‌ی له‌خۆم كه‌متر بێت".
ناوبراو كچێكی گه‌نم ره‌نگی باڵا كورته‌و به‌نائومێدییه‌وه ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه هه‌رچه‌نده له‌م ژیانه‌ی ئێستایدا له‌هیچی كه‌م نییه، به‌ڵام ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی نه‌چووه‌ته ژیانی هاوسه‌رییه‌وه پەشیمانە، لەبەرئەوەی قسه‌ی خه‌ڵك ناهێڵێت به‌ئارامی ژیان به‌ڕێبكات.
"پێوەرەکانی هاوسەرگیریی گۆڕاون"
لەئێستادا پێوەری هاوسەرگیریی‌و هاوسەرگیری نەکردنی کچان‌و کوڕان گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، لەڕابردوودا ئارەزووی هاوسەرگیریی‌و پێکهێنانی خێزان زیاتر بوو لەئەمڕۆ، بەڵام پێدەچێت لەگەڵ تێپەڕبوونی کات دۆخەکە گۆڕابێتو هەروەک چۆن بەشێک لەکوڕان نایانەوێت هاوسەرگیریی بکەن، هەندێک لەکچانیش دەترسن هاوسەرگیری بکەنو شکست بهێنن.
نەشمیل غەفوری تەمەن ٤٣ ساڵ، مامۆستایەو لەقوتابخانەیەکدا وانەی کوردی دەڵێتەوە، ئەو باس لەوە دەکات هیچ کێشەیەکی لەگەڵ هاوسەرگیریدا نییەو پێیوایە هاوسەرگیری بەشێکی شیرینی ژیانە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە زۆرێک لەکوڕانی ئەم سەردەمە لەهەڵبژاردنی "ژن"دا سەرکەوتوو نین، لەبەرئەوەی زۆربەی خێزانەکان هێشتا منداڵ بەپێی رێسا تەقلیدییەکان پەروەردە دەکەن، لەکاتێکدا بەهاو نۆرمێکی نوێ لەکۆمەڵگادا سەریانهەڵداوە، ئەو بەئاوێنەی وت "من ناڵێم کامیان باشەو کامیان خراپە، بەڵام ئەوەی من بینیومە زۆرێک لەگەنجان بەتایبەتی کوڕان سەریان لێشێواوە کە چی ڕاستەو چی هەڵەیە، لەلایەک ڕووبەڕووی قسەی خێزان دەبنەوە سەبارەت بەهەڵبژاردنی ژن بەشێوەی تەقلیدیو لەلایەکی دیکەشەوە ئاشنا بەو کچانە دەبن کە نایانەوێ بەشێوەیەکی تەقلیدی بژین".
نەشمیل ئاماژە بەوە دەکات کە هۆکار زۆر بوون بۆ ئەوەی تا ئێستا هاوسەرگیریی نەکردووە، ئەو وتی "گرنگترینیان ئەوە بوو کە هەم خۆم‌و هەم خێزانەکەم پێداگریمان لەسەر ئەوە دەکرد کە خوێندنی بەکالۆریۆس‌و ماستەر تەواو بکەم، بۆیە لەماوەی خوێندکاریمدا، بۆ ئەوەی خوێندنەکەم نەفەوتێت، وەڵامی نەرێنیمان دەدایەوە بۆ ئەو کەسانەی کە داوایان دەکردم. دوای تەواوکردنی خوێندنیش، ئیتر کاتێک من ڕازی دەبووم، خێزانەکەم ڕازی نەدەبوون، کاتێکیش ئەوان ڕازی دەبوون، من نەمدەویست لەگەڵ ئەو کەسەدا هاوسەرگیریی بکەم کە خێزانەکەم پێیان باش بوو، ئەو پێوەرانەی لەمێشکی من‌و خێزانەکەمدا بوون بۆ هاوسەرگیریی زۆر جیاواز بوون، ئەوان بەر لەهەر شتێک پیاوی دەوڵەمەندیان پێ‌باش بوو، منیش بەدوای لێکتێگەیشتنو پێکەوە گونجاندا بووم بۆ ژیان".
وتیشی "من ناڵێم ئێستا هەست بەتەنیایی ناکەم، ناڵێم بیرکردنەوە لەداهاتوو نیگەرانم ناکات، ناڵێم هەندێک جار نامەوێت پەیوەندییەکی سۆزداری جێگیرم هەبێت یان ئەزموونی بوون بەدایکم هەبێت، هەموو ئەو هەستانەم هەن، بەڵام کاتێک سەیری ژیانی هەندێک لەهاوڕێکانم دەکەم، کە چۆن بەبێ تێگەیشتنو تەنها لەسەر خواستی خێزانەکانیانو بۆ دوورکەوتنەوە لەقسەی خەڵک چوونەتە ناو ژیانێکەوەو لەچاویاندا بێزاریییەکی زۆر دەبینم، هەست بەڕازیبوون دەکەم لەو بڕیارەی کە داومە".
"جیابوونەوەی خوشکەکەم ترساندمی"
خەندە عەلی، کە کچێكی باڵابه‌رزی شۆخ‌و شه‌نگی ته‌مه‌ن بیست‌و هەشت ساڵه، باس لەوە دەکات ٢ ساڵ لەمەوبەر خوشکەکەی لەگەڵ کوڕێک هاوسەگیریی کردووەو دوای چەند مانگێک بەهۆی قەیرانی داراییەوە ناکۆکی کەوتوەتە نێوانیانەوەو لەیەکتری جیابوونەتەوە، ئەو بەئاوێنەی وت "ئەمە ترسێکی تیا دروستکردووم بەرامبەر بەهاوسەرگیرییو بووەتە هۆی ئەوەی کە بەسینگڵ بمێنمەوە".
خەندە ئاماژەی بەوە کرد کە هۆکارەکانی زیادبوونی ژمارەی ئەو کچانەی بە"قەیرە" ناودەبرێن، تەنها کچان خۆیان نین، بەڵکو خواستی زۆری کوڕەکانیشە لەسەریان، تەنانەت هەندێجار ئەگەر کوڕەکە خۆی بڕوانامەشی نەبێ‌و کارمەندی حکومیش نەبێت، چاوەڕێی ئەوەن هاوسەرەکەیان کارمەند بێت یان لەخێزانێکی دەوڵەمەند بێت، ئەمەش چاوەڕوانییەکی زۆرە بۆ کوڕان، ئەو وتی "بەڕای من کوڕێک کە چاوەڕێی کچێک بێت ئەم تایبەتمەندیانەی هەبێت، وا باشترە کچەکە بەسینگڵی بمێنێتەوە".
ئەو باس لەو دۆخە ئابورییە قورسە دەکات کە هەم رێژەی هاوسەرگیریی کەم کردوەتەوە لەکوردستانو هەم هۆکاری کێشەو ناکۆکی زۆربەی خێزانەکانیشە، ئەو وتی "کاتێک خێزانەکەم باسی هاوسەرگیری دەکەن، من یەکسەر دەڵێم نیازی هاوسەرگیریم نییەو دەمەوێت تا کۆتایی ژیانم بەسینگڵی بمێنمەوە، کە بیر لەجیابوونەوەی خوشکەکەمو زۆری رێژەو ئاماری جیابونەوە دەکەمەوە کە کێشەی ئابوری هۆکاری زۆربەیانە، دەترسمو دەڵێم هەرگیز هاوسەرگیریی نەکەم باشترە لەوەی بیکەمو شکست بهێنمو پەشیمان ببمەوە".
"وامئەزانی هەر بەگەنجی دەمێنمەوە"
شنیار دلاوەری ته‌مه‌ن ٤٢ ساڵ، له‌كاتی گه‌نجیدا هه‌ر كوڕێك چووبێته خوازبێنی، ئه‌م وتوویه‌تی "هێشتا زووه"، چونكه خۆیان بنەماڵەیەکی دەوڵەمەندی ناسراو بوون‌و چاوه‌ڕێی كوڕێكی هاوشانی خۆی كردووه، ئەمە جگە لەوەی له‌ڕووی رووخساریشهوه زۆر له‌خۆی رازی بووه‌و وایزانیوە هەروا بەگەنجیو جوانی دەمێنێتەوە.
شنیار روونیكرده‌وه كه هه‌تا دایك‌و باوكی مابوون، ژیانیان زۆر خۆش بووه، به‌ڵام له‌دوای ئه‌وان ژیانی تەواو گۆڕاوە، ئه‌و وتی "براكانم ژنیان هێناو خه‌ریكی ژیانی خۆیانن، له‌ڕاستیدا كه‌س جێگه‌ی دایك‌و باوكمی بۆ نەگرتمهوه"، بۆیه داوای له‌و كچانه ده‌كرد كه له‌ته‌مه‌نێكی گونجاودان هه‌لی چوونه نێو ژیانی هاوسه‌ریی له‌ده‌ست خۆیان نه‌ده‌ن.
ئه‌م کچە هه‌تا چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ریش هه‌ر به‌و خه‌ونه‌وه ژیاوه كه بڕواته ماڵ‌و حاڵی خۆی، به‌ڵام دوای ده‌ركه‌وتنی تاڵه سپییه‌كانی قژی هه‌ستیكردووه ته‌مه‌نی به‌ڕێكردووه‌و ئێستا لەگەڵ براو براژنیو دوو برازای ژیان بەسەردەبات، شنیار وتی "ئێستا په‌شیمانم به‌و كه‌سانه رازینه‌بووم كه هاتنهداوام، ئه‌گینا چاره‌نووسم به‌م رۆژه نه‌ده‌گه‌یشت".
"نابێت پێیان بوترێت قه‌یره"
توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی، شەرمن محەمەد بۆ ئاوێنه‌ی روونكرده‌وه كه كچان زۆر پێیانناخۆشە بە"قەیرە" ناوببرێن، لەبەرئەوە له‌ڕووی زانستییه‌وه له‌گه‌ڵ به‌كارهێنانی وشه‌ی "قه‌یره"دا نییه بۆ ئەو کچانەی تەمەنیان هەڵکشاوەو هاوسەرگیرییان نەکردووە، ئەو وتی "به‌كارهێنانیشی وه‌كو ئه‌و سته‌مه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌یه كه له‌ژن كراوه، هاوشێوەی زاراوه‌ی ته‌ڵاقدراو، ئه‌و چه‌مكانه زوڵمێكی كۆمه‌ڵایه‌تین كه له‌ژن ده‌كرێن"".
شەرمن رای وایە ئەو کچانەی تا ئه‌و ته‌مه‌ن ده‌مێننه‌وه له‌زۆر رووه‌وه باش‌و گونجاون‌و دواتر ده‌توانن خێزانێكی سه‌ركه‌وتوو دروست بكه‌ن، ئەو وتی "شێوازی په‌روه‌رده‌كردنی ئه‌و كه‌سه‌و ئه‌و بنه‌مایانه‌ی كه‌سێك له‌ژیاندا كاریان پێده‌كات رۆڵی هه‌یه له‌بڕیاردانی بۆ ژیان، هەندێک لەکچان تووشی وەسوەسە دەبن‌و تەمەنیان بەڕێدەکەن لەچاوەڕوانیدا بەو هیوایەی داواکاری باشتریان بێت، بەڵام نابێت لەبیرمان بچێت کە چاوەڕوانی هاوسەرگیریی لەگەڵ پیاوێکی ئایدیاڵدا کارێکی لۆژیکی نییە، چونکە هیچ کەسێکی ئایدیاڵ لەجیهان‌و ژیاندا بوونی نییە".
وتیشی "ئەو کچانەی راڕان لەبارەی هاوسەرگیرییەوە، پێویستە بوێری بڕیاردانیان هەبێت، بەداخەوە ئاستی چاوەڕوانییەکانی کچان زیادی کردووە لەکاتێکدا هاوسەرگیری واتای خۆشەویستی‌و لێکتێگەیشتنە لەنێوان کچ‌و کوڕدا، بەبێ ئەوە هاوسەرگیری هیچ مانایەکی نابێ‌و سەرکەوتووش نابێت، نابێت بڕوانامەو داهاتی بەرز، خانوو لەباشترین شوێنی شار‌و ئۆتۆمبێلی گرانبەها پێوەر بێت بۆ ئەوەی کچان هاوسەرگیری بکەن، چونکە ئەمانە خۆشبەختی‌و خۆشەویستی راستەقینەو تاسەر بۆ کەس دەستەبەر ناکەن، بۆ ئەوەی کچان بتوانن سەرکەوتوو بن، پێویستە بەپێوەرە ئایدیاڵەکانیاندا بچنەوە".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات
ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.
لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجان‌و ژنان‌و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و حکومەتی ناوەندی عێراق‌و هەڵبژاردنی کوردستان.
لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی کار لەسەر ئەو بابەتانە دەکاتو چەندین راپۆرت‌و فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.
"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.