وەزارەتی دارایی هەرێم: چاوەڕوانین تەواوکاری بۆ موچەی مانگی نۆ رەوانە بکرێت
  2024-10-08       360       


وه‌زاره‌تى دارایی‌و ئابورى هه‌رێم له‌باره‌ى دابه‌شكردنى موچه‌ى نۆ-وه‌ هاته‌ده‌نگ‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، له‌ئێستادا ناتوانن ده‌ست به‌دابه‌شكردنى موچه‌ بكه‌ن، چونكه‌ وه‌كو له‌ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ده‌ڵێت:"چاوەڕوانین لەنزیکترینکاتدا گوژمەی تەواوکاری بۆ موچەی مانگی ئەیلول لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە خەرجبکرێت بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ دەست بەدابەشکردنی موچەی مانگی ئەیلول بکەین".

ئاوێنه‌: به‌گوێره‌ى ڕاگه‌یه‌نراوێكى وه‌زاره‌تى دارایی حكومه‌تى هه‌رێم ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، "دوای سەردانی وه‌فدى تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێم، لەدوو هەفتەی ڕابردودا بۆ شاری بەغداو کۆبونەوەیان لەگەڵ فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، بەشی زۆری کێشە تەکنیکیەکانی لیستی موچە چارەسەرکراو بڕیاردرا بەخەرجکردنی هەموو ئەو لێبڕینانەی لەلیستی موچەی مانگەکانی ڕابردوو ڕاگیرابون".

وه‌زاره‌تى دارایی نوسیویه‌تى:"ڕۆژی 7ى ئه‌م مانگه‌ بڕى 329 ملیارو 392 ملیۆن دینار وەک شایستەی موچەی مانگی ئەیلولی هێزە ئەمنییەکان خرایەسەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق، بڕی تەمویلی ماوە لەبەردەستی وەزارەتی دارایی هەرێم دوای پڕکردنەوەی کورتهێنانی موچەی مانگی ئاب بریتییە لە361 ملیار دینار".

له‌به‌شێكى دیكه‌ى ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتوه‌، "کۆی گشتی ئەو پارەیەی ئێستا لەبەردەست وەزارەتی دارایی هەرێمه‌ بۆ موچەی مانگی ئەیلول بریتییە لە690 ملیارو 392 ملیۆن دینار، به‌وه‌ش نزیكه‌ى 305 ملیار دینار کورتهێنان بۆ دابەشکردنی موچەی مانگی ئەیلول هەیە".

وه‌زاره‌تى دارایی ڕونیكردوه‌ته‌وه‌، لەسەر بنەمای ئەو بەڵێن‌و لێکتێگەیشتنانەی لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە بەوه‌فدى تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێم دراوە لەم چەند ڕۆژەدا سەرجەم ئەو لێبڕینانە خەرجبکرێت کە لەموچەی مانگەکانی ڕابردوو بڕدرابوو، تا بتوانرێت کورتهێنانی موچەی مانگی ئەیلولی پێپڕبکرێتەوە.

ئه‌وه‌ش هاتوه‌، "لەمانگی تەمموزەوە کە موچەی خانەنشینانی هەرێم هاوتای عێراق کراوە، ئەو تەمویلەی کە بۆ موچەی خانەنشینان زیادبوەو بڕەکەی مانگانە نزیکەی 45 ملیار دینارەو سەرجەمی لەداهاتی ناوخۆی هەرێم دابینکراوە، سەرەڕای پێکهێنانی لیژنەی هاوبەش لەنێوان هەرێم‌و بەغداو ئەنجامدانی چەندین کۆبونەوە، بەڵام هێشتا لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە هیچ تەمویلێک بۆ هاوتاکردنی موچەی خانەنشینان خەرجنەکراوە".

دارایی هه‌رێم باسى له‌وه‌شكردوه‌، "زیاتر لەمانگێکە نوسراوی گواستنەوەی پارە لەبڕگەی تەرخانکراوی خەرجی بەکاربردنەوە بۆ بڕگەی تەرخانکراوی چاودێری کۆمەڵایەتی‌و خانەنشین لەپشکی هەرێم لەوەزارەتی دارایی عێراقە تا بتوانرێت تەرخانکراوی دارایی بۆ هاوتاکردنی موچەی خانەنشینان دەستەبەربکرێت، بەڵام هێشتا لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە کاری لەسەرنەکراوە".

له‌كۆتاییشدا جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌، "وەک وەزارەتی دارایی چاوەڕوانین لەنزیکترینکاتدا گوژمەی تەواوکاری بۆ موچەی مانگی ئەیلول لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە خەرجبکرێت بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ دەست بەدابەشکردنی موچەی مانگی ئەیلول بکەین".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×