شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، یەكێتی و پارتی هەرچیان وت و بەڵێنی هەرچیاندا درۆ دەکەن، ماڵی بارزانی و تاڵەبانی رێككەوتون و داهاتی هەرێم لەناو خۆیاندا دابەش دەكەن، بافڵ تاڵەبانی كەی توانی كێشەكانی ناو خێزانەكەی چارەسەر بكات ئەو كات دەتوانێت، کێشەی خەڵک چارەسەر بکات، شەش ساڵە براکەی جێگری سەرۆکی حکومەتە ئەگەر دیسانەوە دەربچێتەوە چی پێ دەکرێت؟ شەش ساڵە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتە چی پێ کراوە.
ئاوێنە: شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، ئەمڕۆ دوشەممە، لە دیبەیتێکدا لەگەڵ چەند رۆژنامەنوسێک رایگەیاند، ئەم هەڵبژاردنە یەکەم هەڵبژاردنە لەژێر دەسەڵاتی کۆمسیۆنەکەی پارتی و یەکێتی نییە و یەکەم هەڵبژاردنە بە زۆر بە یەکێتی و پارتی ئەنجام دەدرێت و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چاودێری دەکات.
شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئاماژەی بەوەش کرد، پارتی و یەکێتی خراپەکاریی نەماوە بەرامبەر بە هاوڵاتیان نەیکەن، ئەگەر هاوڵاتیان دەیانەوێت رزگاریان بێت ئەوا پێویستە بەشداری هەڵبژاردن بکەن، هاوڵاتیان دەزانن هەڵوێستی نەوەی نوێ چۆنە و بە ئەزمون سەلماندویانە لەگەل خەڵکدان و نەوەی نوێ هەرگیز هەڵەی لایەنەکانی تر دوبارە ناکاتەوە.
راشیگەیاند، "هاوڵاتیان بەشداریی بکەن و دەنگ بدەنە نەوەی نوێ، بە دڵنیاییەوە حکومەت دەگرینە دەست، نەهێشتنی بێکاریی گەنجان یەکەم کارمان دەبێت و لە رێگەی بوژانەوەی سێکتەرەکانەوە هەلی کار و دامەزراندن بۆ هاوڵاتیان دەڕەخسێنین، قەرزی بچوک دەدەین بەو کەسانەی خاوەن بیرۆکەی کارن".
باسی لەوەش کرد، بەڵێنەکانی نەوەی نوێ بەشێکی پەیوەستە بەوەی هێزی یەکەم بن و حکومەت بگرنە دەست بە بەشداری هاوڵاتیان لە هەڵبژاردن و سەرخستنی نەوەی نوێ تەواوی بەڵێنەکانیان جێبەجێ دەکەن، لە هەرێم و بەغدا داوایان لێکرا بەشداری حکومەت بکەن بەڵام رەتیان کردەوە، نەوەی نوێ ئامادە نەبو لە پەرلەمانێکی نایاسایی دابنیشێت و پەرلەمانتارەکانیشیان خانەنشینییان رەتکردەوە، نەوەی نوێ بەشداری چەندین هەڵبژاردنی کردوە و پلە و پۆستی رەت کردوەتەوە.
شاسوار عەبدولواحید وتیشی، "ئەگەر هاوڵاتیان دەیانەوێت یەکێتی و پارتی نەمێنن پێویستە هاوڵاتیانی ناڕازی دەنگ بدەن بە نەوەی نوێ، بە دڵنیاییەوە لەم هەڵبژاردنەدا نەوەی نوێ ژمارەی دەنگەکانی زۆر زیاتر دەبێت و هەر لە سەرەتاوە هەڵگری دروشمی لابردن و جێگرتنەوەی پارتی و یەکێتی بوین".
لەبارەی هێزە ئەمنییەکانیشەوە سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئەوەی خستەڕو، هێزە ئەمنییەکان هەمویان سەر بە پارتی و یەکێتی نین و بەشێکی زۆریان دژی دەسەڵاتن، لە هەڵبژاردنی پێشو لە کۆی ٣٨٠ هەزار هێزی ئەمنی پارتی و یەکێتی، تەنها ٨٠ هەزار دەنگیان هێناوە، پارتی و یەکێتی لاواز بون و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەریان گۆڕاوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، لەهەمو هەڵبژاردنێک پارتی و یەکێتی شەڕێکی میدیایی ساختە دروست دەکەن، بەڵام پارتی و یەکێتی ئەگەر دەنگ بهێنن لە دوای هەڵبژاردن دەست دەخەنە ناو دەستی یەکتر و پۆستەکان دابەش دەکەنەوە.
شاسوار عەبدولواحید راشیگەیاند، بەهۆی جەلالی و مەلاییەوە 60 ساڵە کورد پەرتپەرت بوە و نەحەساوەتەوە، ئەگەر پارتی و یەکێتی بمێننەوە موچە نامێنێت و بارودۆخ زۆر خراپتر دەبێت.
وتیشی، "بافڵ تاڵەبانی کەی توانی کێشەکانی ناو خێزانەکەی چارەسەر بکات ئەوکات دەتوانێت کێشەی خەڵک چارەسەر بکات، شەش ساڵە براکەی سەرۆکی یەکێتی جێگری سەرۆکی حکومەتە ئەگەر دیسانەوە دەربچێتەوە چی پێ دەکرێت؟ شەش ساڵە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتە چی پێ کراوە؟".
سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئاماژەی بەوەش کرد، ماڵی بارزانی و تاڵەبانی رێککەوتون و داهاتی هەرێم لەنێوان خۆیاندا دابەش دەکەن، ئەو باج و داهاتەی دەچێتە گیرفانی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی.
ئەوەشی خستە رو، پارتی و یەکێتی هەرچیان وت و بەڵێنی هەرچیاندا درۆ دەکەن، دەسەڵاتێک منداڵ و کاسبکار بکوژێت من چۆن رێزی لێبگرم و قسەی زبر لەدژی نەکەم؟
لە کۆتایشدا شاسوار عەبدولواحید رایگەیاند، "وەکو نەوەی نوێ تەنها لە خودا و خەڵک نزیکین، ئەگەر دەسەڵات بگرینە دەست، باج لەسەر هاوڵاتی کەم دەکەینەوە و لە قەرزەکانیان خۆشدەبین، لەگەڵ بەغدا رێکدەکەوین بۆ تەوتین و چارەسەرکردنی موچە، خزمەتی سەرجەم شارەکان دەکەین و پڕۆژەمان بۆ گەنج دەبێت و هەرگیز کارێک ناکەین متمانەی هاوڵاتیان بدۆڕێنین".