مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی لەمیانی بانگەشەی هەڵبژاردنی حزبەكەیدا لە زاخۆ، رایگەیاند، "كەسی فاشیل حكومڕانی پێناكرێت"و دەشڵێت، بۆ هەمو ئەو لایەنانەی هەوڵی شكاندنی پارتی دەدەن، پێیان دەڵێین: لە گەورەکانی خۆتانەوە فێربن كە پارتی ناشکێت.
ئاوێنە: مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی، ئەمڕۆ دوشەممە، لە میانی وتەیەكدا كە لە كەرنەڤاڵی بانگەشەی هەڵبژاردنی حزبەكەیدا لە زاخۆ پێشكەشی كرد وتی"پارتی چەند هەوڵی بۆ سەرخستنی کوردستان و بەدەستهێنانی مافی خەڵکی کوردستان داوە، ناحەز و نەیارانی پارتیش ئەوەندە هەوڵیان داوە بۆ ئەوەی پارتی نەگاتە ئامانجەکانی و سەربکەوێت... بە پشتیوانی خودا و بە دەنگی ئێوە لە 20ـی ئۆکتۆبەر ئەو پیلانانە هەموی لەنێو دەبەین".
جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان وتیشی، "ئێمە داوای ئاشتەوایی دەکەین و داوا دەکەین هەمومان بەیەکەوە بژین، لەبەر ئەوەی هەرچەند ئارامی و ئاشتی لە وڵاتماندا هەبێت، پارتی ئەوەندە گەشە دەکات و پێش دەکەوێت... پارتی لە هەر شوێنێک بێت، جێگەی دەستی دیارە و ئاوەدانی لێیە، هەر جێیەک پارتی لێبێت، ئاوەدان و پێشکەوتوە".
مەسرور بارزانی لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا وتی"گەلێک لایەنی ئەمڕۆ کە دروشمیان هەڵگرتوە و داوای دەنگی خەڵکی کوردستان دەکەن، دوێنێ و پێرێ پلانییان دادەنا بۆ ئەوەی ئەو قەوارەیە نەمێنێت، دوێنێ و پێرێ لەگەڵ دەستی دەرەکی خۆیان تێکەڵ دەکرد و هەوڵی ئەوەیان دەدا مافەکانی هەرێمی کوردستان رادەستی حکومەتی فیدراڵیی بکەن".
جێگری سەرۆکی پارتی پەیامی بۆ ئەو لایەنانە نارد کە "هەوڵی شکاندنی پارتی دەدەن" و وتی، "هەمو ئەو لایەنانە و هەمو ئەو کەسانەی کە خەونیان بە شکاندنی پارتییەوە دەبینی، پێیان دەڵێین: شکاندنی پارتی شکستیهێناوە. فێرببن؛ لە گەورەکانی خۆتانەوە فێربن؛ لە مێژو فێربن، پارتی ناشکێت".
سەبارەت بە دروشمی ئەو لایەنانەی کە دەڵێن، "دەیڕوخێنین"، "تێکی دەدەین"، "کۆتایی پێدێنین"، مەسرور بارزانی وتی، "کۆتایی بە چی دەهێنن؟..پارتی نە بە کودەتا و نە بە هەوڵێکی دەرەکی هاتوەتە سەر دەسەڵات، بەڵکو پارتی بە خەباتی خۆی، بە خوێنی شەهیدانی خۆی، بە ماندوبونی پێشمەرگەی خۆی و بە دەنگی خەڵکی خۆی هاتوەتە سەر دەسەڵات."
بەقسەی مەسرور بارزانی "هەر دەستکەوتێک بۆ کوردستان بەدەستهێندرابێت، لەژێر سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان بوە...بەبێ پارتی هیچ کەسێک نەیتوانیوە هیچ دەستکەوێت بۆ ئەو میللەتە بەدەستبهێنێت".
ئەوەشی خستەڕو"ئەگەر پارتی نەبوایە ئەو دۆخەی ئێستا هەیە دروست نەدەبو، ئەگەر پارتی نەبوایە دیموكراسی لەم وڵاتە نەدەبو، ئەو كەسەی هیچ دەستكەوت و بەرهەمێكی نەبێت، ئەو كەسەی فاشیل بێت، ئەو كەسەی لە بەڕێوەبردنی بەشێك لەم وڵاتە سەركەوتو نەبوبێت، كەسی فاشیل حكومڕانی پێناكرێت."
مەسرور بارزانی سوپاسی ئەو لایەنانەشی کە لەگەڵ پارتی لە قۆناغە جیاوازەکان بەشدار بون و هیوای ئەوەشی خواست کە "خۆیان توشی هەڵە نەکەن و بزانن کە ئەو خێرەی ئەوان لەگەڵ پارتی دەیبینن، لە دژایەتیکردنی پارتی ئەو خێرە نابینن".
مەسرور بارزانی باسی لە گرنگی دەنگی هاوڵاتییان کرد و وتی، "من پێم وایە لەم هەڵبژاردنە لە 20ـی ئۆکتۆبەر، دەنگی ئێوە بڕیاری خۆی دەدات و خەونی ناحەزان دەباتە ژێر خاک و هیوا و ئاواتی میللەتەکەمان سەردەخات و ئینشاڵڵا لەم هەڵبژاردنە بەدیار دەکەوێت کە خەڵکی کوردستان لەگەڵ کام ئاراستەدایە".