چاکبوونەوەی نەخۆشەكە، مردنی بانگەشەكاران
  2024-10-07       424       

نەجات نوری

 

لە دونیادا شتە هەرە باشەكانیش بێنرخن ئەگەر كەسێك نەبێ نمایشیان بدا... نیچە

 

ترۆتسكی دەڵێت: مانگرتنی سیاسیی پڕۆلیتاریا دەبێت بگۆڕێت بۆ مانگرتنی سیاسیی خەڵك، ئەمە یەكەم پێشمەرجی سەركەوتنە. ڕەنگە ئەم وشانەی ترۆتسكی بۆ ئەم قۆناغەی ئێستایی كۆمەڵگای ئێمە ئەو ساتانەبێت كە دەتوانین بڵێین خەڵكە ماندو و نەدارەكە یان خەڵكە نەخۆشەكە وردە وردە چاكبوونەتەوە و لە ماڵەكانی خۆیان دا مانگرتنیان لە دژی حزب و گروپەكانی ناو ئەم هەرێمە ڕاگەیاندووە، وێنەكە لە ئێستادا ئاواببینن و بپرسن: ئایا لەم بانگەشەی هەڵبژاردنەدا خەڵك بە گیان و ڕۆح وەكو ساڵانی پێشووبەشدارن؟ ئایا دەتوانین لە ڕوخساری خەڵك دا ئومێدێك ببینەوە لەم بانگەشانەدا؟ وێنەكان هێجگار دیار و ڕوونن و دەبێت بڵێین: نەخێر چونكە بانگەشەكارانی حزبەكان تێكڕا لەم هەڵبژاردنی مردوون و خەڵك لە نەخۆشیەكەیان چابوونەتەوە و بۆ قۆناغێكی تری ژیانیان خۆیان لە دەرەوەی ئەم حزبەكوردیانە ئامادەدەكەن، دەبێت پرسەكە ئاوا لێكبدەینەوە: ئێوە ببینن و ببیستن و بچنە ناو خەڵك، بچنە ناو چین و توێژەكانی كۆمەڵگاوە، بزانن دوكاندار و ماڵەكان و تەنانەت بارەگا حزبی و ناو پاس و تەكسی و سەرشەقام و شوێنەكانی تریش چۆن چۆنی لەگەڵ بانگەشەی ئەم هەڵبژاردنەدا بە بەراورد بە هەڵبژاردنەكانی پێشوو ڕەفتاردەكەن، وەكو دەبینین لە بانگەشەی ئەم جارەدا خەڵك ئیتر بەشدارنیە و بە بیر و گیانی خۆیان ناچنە ناو گۆڕەپان و بەشدارنابن لە هەڵكردنی ئاڵاو دروشمی حزبەكان، هەرگیز وەكو پێشووتر خەڵك بانگەشەناكات و مشتومڕ ناكات لەسەر حزب و بەرنامەكانیان وەكو ئەوەی ئەمانە هەموویان لەلای خەڵك كۆتاییان هاتبێت و مردبن، چوونكە خەڵك ساڵانی پێشوو زۆر گروپ و حزبیان تاقی كردەوە بۆ گەیشتن بە ئامانج و ئایندەیان بەڵام فریودران و خەڵەتێندران، بۆ ئەوەی باشتر دەسەڵاتی حزبەكان خۆیان بخوێننەوە: با لە بێدەنگی خەڵك و لەنا ئامادەی جەماوەرێكی زۆر لە دەوری خۆیان لەم بانگەشانەدا پرسیارێكی جدی لە خۆیان بكەن و بە خۆیان بڵێن: كوان جەماوەر و لە كوێن بۆ وەكو جاران نایەنە گۆڕەپانەكان؟ ئەوە دەبینن كە لە ڕووبەڕووبوونەوەی جەماوەردا شكستیان خواردووە بە نەتەوەپەرست و گۆرانخواز و ئیسلامی و سۆشیال دیموكراتەكانیشەوە، وەكو دەبینین ئیتر ئەوە جەماوەرنیە وەکو جاران خۆڕسكانە بانگەشە بۆ حزبەكان دەكەن بە بیر و گیرفان و پارەی خۆیان، نا بەڵكو شتەكان ئەم جارە زۆر پێچەوانەبوونەتەوە و حزبەكان بە تەنیا ماونەتە و خۆیان بە هێز و كادرەكانیانەوە بانگەشە دەكەن و ناتوانن بچنە ناو جەماوەری ماندو و نەدارەوە، مێژوو ئەم جارە شتێكی ترمان پێ دەڵێت: ئەویش ئەوەیە لەم لەهلومەرجەدا كە ژیانی و گوزەرانی خەڵك دەخوێنینەوە تێدەگەین كە ساڵانێك بوو قورساییەكی هێجگار گران لەلایەن دەسەڵات و حزبە كوردیەكانەوە لەم هەرێمەدا كەوتبووە سەر شانی خەڵك و خەڵك لە ڕێگەی دەنگدانەوە لەو سی ساڵەی ڕابووردوودا لە دەرەوەی بانگەشەی حزبە دەسەڵاتدارەكان دەیانویست هەلومەرجی ژیانی خۆیان بگۆڕن و ئەو قورسایە نەفرەتیەی سەر شانیان بگۆڕن بە ژیانێكی باشتر و ئەو ڕێگەیەشیان تاقیكردەوە و دەنگیان بە بزووتنەوەی گۆڕان و پارتە ئیسلامیەكان دا، بەڵام ئەوانیش سەرئەنجام ئەو هەموو دەنگدەرەیان فریودا و پشتیان كردە خواستەكانی خەڵك و خواستە مادی و دونیایەكەی خۆیان بەدی هێنا... ئەی ئێستا خەڵك و حزبەكان بۆ هەڵبژاردن لە كوێی یەكتریدان، لەمەشدا وێنەكان زۆر پێچەوانەبوونەتەوە خۆ ئەگەر لە هەڵبژاردنەكانی پێشوودا خەڵك نەخۆشبووبن و بۆ ئایندەی خۆیان پەنایان بۆ دەنگدان بردبێت بۆ چاكبوونەوەی نەخۆشیەكەیان، حزبەكان ئەو نەخۆشخانەیەبووبن و خەڵك پەنایان بۆ بردبن بۆ چاكبوونەوەی دەردەكەیان ئەوا ڕێك لە ئەمڕۆدا وێنەكە زۆر خراپ پێچەوانە بۆتەوە و هەموو حزبەكوردیەكان نەخۆشن و خەڵك بە ئاگان و لە زۆر دروشم و وێنە و بانگەشەی جۆراو جۆر تێدەگەن، ئەوە خەڵكە خەریكە فاتیحا لەسەر تەرمی ئەم حزبە تەقلیدی و ناتەواوانە دەخوێنێت و بەرەو لەبیرچوونەوەیان دەبن، ئەو شۆڕشەی خەڵك ئەم جارە دەستی پێكردووە بێدەنگبوونەیەتی، نەچوونیەتی بە دەنگ حزبەكانەوە، چابوونەوەی خەڵكە لەو نەخۆشیەیەكی كە جاران بە بانگەشەی حزبەكان هەڵدەخەڵەتا، تێگەیشتنی خەڵكە لە بیر و ڕەفتار و بەرنامەی حزبەكان، چونكە گوزەرانی خەڵك و حزبەكان لەم ڕۆژگارەدا هێجگار لەیەك جودان و كەلێنێكی گەورە كەوتۆتە نێوان خەڵك و ئەم حزبە تەقلیدیانەوە، وەكو دەبینین ئیتر خەڵك ناتوانن جارێكی تر بە دیار بێ بەرنامەی ئەم حزبانەوە بۆ ساڵانێكی تر لە چاوەڕوانی دابمێنەوە، خەڵك ئیتر شتێك لەبیری خۆیاندا لەناودەبن كە ئەویش گۆڕەپانەكانی فریودانە، ئەو گۆڕەپانانەی كە حزبەكان دواجار دەیكەن بە گۆڕستانی ئومێدەكانی خەڵك.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×