تێكچونی مۆلیدەكەیان، كێشە بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەیەكی گەرمیان دروست دەكات
  2024-10-07       154       

تەندروستی گەرمیان رایدەگەیەنێت كە بەهۆی تێكچونی مۆلیدەی كارەبایی نەخۆشخانەی ژنان و منداڵبون لە كەلار، ژمارەی ئەنجامدانی نەشتەرگەری كەمكراوەتەوە، بەڵام رانەگیراوە.

ئاوێنە: بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان، ئەمڕۆ دوشەممە، رونكردنەوەیەكی لەبارەی هه‌واڵى راگیرانی ئەنجامدانی‌ نه‌شته‌رگه‌ری له‌ نه‌خۆشخانه‌ی شەهید شێرەی نەقیب بۆ ژنان و مناڵبون لە کەلار‌ بڵاوكردەوە.

تەندروستی گەرمیان وتویەتی،‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌شته‌رگه‌ری رانه‌گیراوه‌، به‌ڵام به‌هۆی خراپبونى مۆلیده‌ى كاره‌بایی نه‌خۆشخانه‌كه‌وه‌ و وه‌كو هه‌نگاوێكى خۆپارێزی ژماره‌ى ئه‌نجامدانى نه‌شته‌رگه‌ری كه‌مكراوەتەوه‌ به‌تایبه‌تى ئه‌و حاڵه‌تانه‌ى كتوپڕو گه‌رم نین، هه‌تا له‌م رۆژانه‌دا مۆلیده‌كه‌ چاكده‌كرێته‌وه‌ و پرۆسه‌ى ئه‌نجامدانى نه‌شته‌رگه‌رییش دێته‌وه‌ دۆخی ئاسایی خۆی.

ئاماژەی بەوەشداوە، لەئێستادا ئەندازیار و فەرمانبەرانی هونەری لە هەوڵی چاککردنەوەی مۆلیدەکەدان و لەم دو رۆژەشدا مۆلیدەی جێگرەوە دابین دەکرێت بۆ نەخۆشخانەکە، ئەمە سەرباری ئەوەی مانگی رابردو لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیمانەوە نوسراوی فەرمی ئاراستەی وەزارەتی تەندروستی کراوە بۆ کڕینی مۆلیدەیەکی نوێ بۆ نەخۆشخانەکە، بەڵام هێشتا رەزامەندی لەسەر نەدراوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، له‌ ئه‌گه‌رى پچڕانى كاره‌بای نیشتمانى دا له‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌، له‌لایه‌ن به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى ته‌ندروستى گه‌رمیانه‌وه‌ هۆڵی نه‌شته‌رگه‌ری نه‌خۆشخانه‌ى فریاكه‌وتنى شه‌هید هه‌ژار ئاماده‌كراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌گه‌ر پێویست بو نه‌شته‌رگه‌رییه‌ كتوپڕه‌كان له‌وێ ئه‌نجام بدرێن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×