وەزارەتی شارەوانی ڕایگەیاند: هەنگاوەكانی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و خانەنشینان، زۆر بە باشی چووەتە پێش و بەزووترین كات، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، دابەشكردنی زەوی دەستپێدەكات.
ئاوێنە: ئەمڕۆ دووشەممە، ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە ڕاگەیەندراویکدا ئاشکرایکرد، دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان خێراتر كراوە و بەزووترین پرۆسەكە لەو شارەوانییانەی كە كارە هونەری و كارگێڕییەكانیان تەواو كردووە دابەشكردنی زەوی دەستپێدەكات.
هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە، ئێستا لێژنەی باڵای دابەشكردنی زەوی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕۆژانە لە بەیانییەوە تاوەكوو ئێوارە، بە چڕی كار لەسەر فۆڕمەكانی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دەكەن.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ لە دیوانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ تیمی وەزارەت بۆ دابەشكردنی زەوی كۆبووەوە و داوای لێكردن بەزووترین كات سەرجەم كارەكان تەواو بكەن، پرۆسەكە لە كەمترین كاتدا دەستپێدەكات.