مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی رایانگەیاند، بە سەرۆكی یەكێتی رادەگەیەنین رەتكردنەوی هەژماری من بە كردار دەبێت نەوەك تەنها بە قسە.
ئاوێنه: ئەمڕۆ یەكشەممە 6ی تشرینی یەكەمی 2024 ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی رایانگەیاند، پاشئەوەی دوێنێ ئەنجومەنەکەمان بەیاننامەیەک و هەندێک بەڵگەی ڤیدیۆیی لەسەر بەزۆرەملێ پڕکردنەوەی هەژماری منی بە خانەنشینانی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بڵاوکردەوە و ناڕەزایەتییەکی زۆری مووچەخۆران و خەڵکی کوردستانی بەدوای خۆیدا هێنا، دوێنێ باڤڵ تاڵەبانی لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریی بانگەشەی هەڵبژاردن لە قەزای کۆیە، هەژماری منی ڕەتکردەوە و داوای لە مووچەخۆران کرد، کە هەژماری من پڕنەکەنەوە و تەوتین بکەن.
ئێمە لێرەوە بە سەرۆکی یەکێتی ڕادەگەیەنین، کە لێدوانەکەیان هەنگاوێکی باشە، بەڵام کردار شەرتە و ئەم سەرنجانەمان هەن:
یەكەم: بەڕێزتان دەڵێن با هاوڵاتی مووچەی خۆی بەنیشتیمانی بکات و هەژماری من پڕنەکاتەوە! لەکاتێکدا تەوتین ئیشی تاک نیە و ئیشی دەسەڵات و لایەنە پەیوەندیدارەکانە بەو کارە هەستن. چونکە داتا و زانیارییەکانی سەرجەم مووچەخۆران لای دام و دەزگا فەرمییەکانە.
دووەم: ئەم وتانەی بەڕێزتان کاتێک لە چوارچێوەی بەڵێنی هەڵبژاردن دەچێتە دەرەوە، کە ڕاستەوخۆ و بەکردار واز لە فشارکردن بهێنن و پڕکردنەوەی فۆڕمی هەژماری من بە مووچەخۆران ڕابگرن. لە هەمان کاتیشدا هەنگاوی کرداریی بنێن بە ئاڕاستەی تەوتین لە بانکە حکومییە فیدراڵییەکانی وەک ڕەشید و ڕافیدەین.
سێیەم: ئێوە ئەگەر بەجدیتانە و تەنها بەڵێنی بێ کرداری هەڵمەتی هەڵبژاردن نییە، فەرموون بەپێی بڕیاری دادگای فێدڕاڵی، کە پشتئەستوورە بە دەستوری عێراقی فیدراڵ، داتای سنوری دەسەڵاتی خۆتان لەلایە و بیدەن بە وەزارەتی دارایی فیدراڵی. بۆئەوەی ڕێکارەکانی تەوتین و هاوتاکردنی مووچە بۆ هاوڵاتیانی ئەم ناوچەیە تەواو بکرێت، بەو پێیەی کە تەواوی دەسەڵاتەکان لە دەستی خۆتاندایە؛ دواجار تەوتین دەبێتە جێگرەوەی هەژماری من لە هەموو هەرێمی کوردستاندا.