شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، بڵاوى کردەوە، زۆر نیگەرانم لە پێشنیازی هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسى عێراق، چونکە ڕەنگە بەشێک لەم هەمووارکردنانە هەڕەشە لەو پێشکەوتنە دەیان ساڵەمان بکەن، کە لە دەستەبەرکردنی مافەکانی ژنان و منداڵان لە وڵاتەکەماندا بەدەستهاتوون.
ئاوێنه: شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی دەستەی کارگێرى مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەبارەت بە هەموواری یاسای باری کەسی پەیامێکی بڵاوکردەوە.لە تۆڕى کۆمەڵایەتى ئێکس پەیامێکى بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەدا هاتووە، زۆر نیگەرانم لە پێشنیازی هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسى عێراق، چونکە ڕەنگە بەشێک لەم هەمووارکردنانە هەڕەشە لەو پێشکەوتنە دەیان ساڵەمان بکەن، کە لە دەستەبەرکردنی مافەکانی ژنان و منداڵان لە وڵاتەکەماندا بەدەستهاتوون.
ئاماژەى بەوەشکردووە، ناوچەکەمان ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی ڕاستەقینەی زۆر گەورە دەبێتەوە، هەر لە نەبوونی سەقامگیری سیاسیی تاوەکوو دەگاتە قەیرانە ئابوورییەکان، بۆیە شیاو نییە سیاسەتێک پێشنیاز بکەین هۆکار بێت بۆ دابەشبوونی زیاتری کۆمەڵگە، یان مافی ژنان و منداڵەکانمان بخاتە بەردەم مەترسییەوە.
دەشڵێت، زۆر لە پیاوانی ئایینی و یاساناسان و چالاکوانان، رەخنەیان لە گۆڕانکارییەکان گرتووە و هۆشداری دەدەن لەوەی ڕەنگە ڕۆڵی دەسەڵاتی دادوەری لە پاراستنی لاوازترین چینی کۆمەڵگە بێ کاریگەر بکات، پێویستە بە بایەخەوە گوێ لەم هۆشدارییانە بگرین.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا هاتووە، دەبێت پەرلەمانتاران و دەسەڵاتی دادوەری کار بکەن بۆ دڵنیابوون لەوەی هەر هەمووارێک بکرێت، دەبێت بە تەواوی شەفاف و ڕوون بێت، دەرفەت نەدات هەمووارەکان پێچەوانەی دەستوور و چوارچێوەی یاسای نیشتمانی و نێودەوڵەتیش بن، بەتایبەتی پرسی هاوسەرگیریی منداڵ.
لە ٤ـی ئاب، پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەم و لە ١٦ـی ئەیلوول خوێندنەوەی دووەمی بۆ هەموواری یاسای باری کەسێتیی ژمارە ١٨٨ـی ساڵی ١٩٥٩ کرد، بەپێی ئەو هەمووار کردنەوەیە، مەزهەبگەرایی و تائیفەگەریی قوڵدەبێتەوە و مافەکانی ژنان و منداڵانیش پێشێل دەکرێت، بەشێوەیەک لە کاتی جیابوونەوەى ژن لە مافی دایەنی و میرات بێبەش دەکرێت، هاوکات ڕێگە بە هاوسەرگیریی منداڵی تەمەن نۆ ساڵ و هاوسەرگیریکردن لە دەرەوی دادگاکان دەدات.