مووچەی خانەنشینی سەربازی بەهاوتاكراوی دابەشناكرێت
  2024-10-03       340       

دوای ئەوەی ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم لیستی مووچەی مانگی هەشتی بڵاوكردەوە، بەگوێرەی خشتەی دابەشكردنەكە ڕۆژی هەینی مووچەی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی دابەشدەكرێت، بەڕێوەبەری خانەنشینی سەربازیش ڕایدەگەیەنێت كە ئەم مانگەش بە بێ‌ هاوتاكراوی مووچەی خانەنشینی سەربازی دابەدەكرێت.

ئاوێنە: عەزیز عەلی، بەڕێوەبەری خانەنشینی پێشمەرگە لە سلێمانی  ڕاگەیاند، سبەی دابەشكردنی مووچەی خانەنشینی سەربازی دەستپێدەكات، بەڵام دابەشكردنی مووچەی خانەنشینی سەربازی هەر بە یاسا كۆنەكە دەبێت و بەهاوتاكراوی دابەشناكرێت هاوشێوەی خانەنشینانی شارستانی كە بەهاوتاكراوی مووچە وەردەگرن.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئێمە بۆ مانگەكانی هەشت و نۆ دوو جۆر لیستمان ئامادەكردبوو بەجۆرێك لیستێك بە گوێرەی یاسا كۆنەكە و لیستێكیش بەهاوتاكراوی، لیستەكانیشمان ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم كردووە، بەڵام ئەوەی یەكلایی بووینەتەوە ئەوەیە كە سبەی مووچەی خانەنشینی سەربازی بە هاوتاكراوی دابەشناكرێت.

بەڕێوەبەری خانەنشینی پێشمەرگە لە سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، جارێ‌ دیار نییە بۆ مووچەی مانگی نۆ خانەنشینی سەربازی بە هاوتاكراوی مووچەیان پێدەدرێت یاخود هەر بەگوێرەی یاساكۆنەكە دەبێت، ئەوە كەوتووەتە سەر وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی عێراق.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×