ئەمریکا هۆشداریی توند دەداتە ئێران
  2024-10-01       332       

لۆید ئۆستن وەزیرى بەرگرى ئەمەریکا پشتیوانى وڵاتەکەى بۆ هێرشەکانى ئیسرائیل بۆسەر ژێرخانەکانى حیزبوڵاى لوبنان دەربڕى و جەختیشی کردوەتەوە کە ئەگەر ئێران هێرشبکاتەسەر ئیسرائیل روبەڕوى لێکەوتەى جددى دەبێتەوە.

ناوبراو وەزیرى بەرگرى ئەمەریکا لە لاپەڕەى تایبەتى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتیی ئێکس نوسیویەتى:" ئەمڕۆ لەگەڵ یواف گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل قسەم کرد بۆ تاوتوێکردنی پێشهاتە ئەمنییەکان و ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل".

ئاماژەى بۆ ئەوەکردوە کە لە پەیوەندییەکەدا بە رونى پشتگیریی ئەمەریکاى گەیاندوەتە ئیسرائیل بۆ بەرگریکردن لە خۆى و ئەم هێرشانەى ئیسرائیلیش بۆسەر ژێرخانى هێرشەکانى حیزبوڵا بە درێژایی سنورەکان بە پێویست ناودەبات و دەڵێت: پێویستە دڵنیا ببینەوە کە حیزبوڵا ناتوانێت هێرشى هاوشێوەى 7ـى تشرینى یەکەم بۆسەر ئیسرائیل ئەنجام بدات.

 لە بەشێکى دیکەى راگەیەنراوەکەى وەزیرى بەرگرى ئەمەریکا جەختیش لەوە کراوەتەوە کە رێگە نادەن ئێران و ئەو رێکخراوانەى لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتى دەکرێن، ئەم هەلە بقۆزنەوە بۆ فراوانترکردنى گرژییەکان و ئەگەر ئێران بیەوێت هێرش بۆسەر ئیسرائیل ئەنجام بدات، روبەڕوى لێکەوتەى جددى دەبێتەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، بەرەبەیانى ئەمڕۆ سوپاى ئیسرائیل لە باشورى لوبنان ئۆپەراسیۆنێکى دەستیپێکرد بەمەبەستى لەناوبردنى ژێرخانى حیزبوڵا بە درێژایی سنورەکان.
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×