وتەبێژی لیستی یەكێتی: پاسەوانەكانی قەهاری سابیر عەلەكە تەقەیان كردوە
  2024-09-30       1227       

وتەبێژی رەسمی لیستی یەكێتی لەبارەی روداوی تەقەكردنی نێوان قەهاری سابیر عەلەكە و شاڵاو كۆسرەت رەسول لە مزگەوتی رەشاد موفتی لە هەولێر دەڵێت، پاسەوانەكانی قەهاری سابیر عەلەكە تەقەیان كردوە.

ئاوێنە: کاروان گەزنەیی، وتەبێژی ڕەسمی لیستی (129)ی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، لە راگەیەندراوێكدا وتی"دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دوشەممە، لەکاتی بەشداریکردنی شاڵاو کۆسرەت رەسول لە پرسەی کۆچکردو (تۆفیق حاجی حەمەکە) کە خانەوادەیەکی یەکێتین، کوڕێکی (قەهاری سابیر عەلەکە) لەناو مزگەوت قسەی نەشیاو دەکات، لە بەرامبەردا، لەپای ڕێزگرتن لە حەرەمی مزگەوت و نەریتی کۆمەڵایەتی و ئایینی میللەتەکەمان و خانەوادەی کۆچکردو، شاڵاو کۆسرەت ڕەسول وەڵامی ناداتەوە، هەرچەندە لە ماوەی هەفتەیەکدا ئەوە دوەم جارە ئەم ئاکارە ناشیرینە لە بازاڕی هەولێرو لە حەرەمی مزگەوتیش دوبارەبوەتەوە."

وتوشیەتی"پاشان، پاسەوانەکانی قەهار، لەکاتی جێهێشتنی مزگەوت لەلایەن شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ، لە ناو مزگەوتەکەدا تەقە دەکەن."

ئەوەش لەكاتێكدایە كە ئاسایشی هەولێر لە رونكردنەوەیەكدا پاسەوانەكانی شاڵاو كۆسرەت رەسولی تۆمەتباركردون بە تەقەكردن و برینداركردنی هاوڵاتییەك لە روداوەكەدا.

وتەبێژەكەی لیستی یەكێتی ئاماژەی بەوەشداوە "تەواوی ئەو کارو کردەوانە بە هەوڵی نەزۆک دەبینین بۆ تێکدانی ئارامی و بەڕێوەچونی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا. ئەم کردارانەش بەڕونی ترسن لە هەڵبژاردن و پێچەوانەی دروشمەکانی خۆیانن؛ ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە دۆڕان و شکست چاوەڕوانییان دەکات."

جەختیشی كردۆتەوە لە بانگەشەیەکی هێمن و مەدەنی و دیموکراسی داواشی كردوە لە هەمو لایەنەکان بانگەشەیەکی هێمن و ئارام بەڕێوەببەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×