دانا ئەحمەد مەجید: ئەنجامی هەڵبژاردن هەر چۆنێك بێت بەشداری لە حكومەت ناكەین
  2024-09-30       528       

دانا ئەحمەد مەجید، رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، رایگەیاند، ساڵانی بەشداری بزوتنەوەكە لە حكومەتی هەرێم، ئەزمونێكی ناسەركەوتو بوەو بە زیانی خەڵك و ئۆپۆزسیۆن شكاوەتەوە. داوا لە دەنگدەران دەكات لەم هەڵبژاردنەدا هەلێكی دیكەیان بدەنێ و دەنگ بە گۆڕان بدەن و دەشڵێت، ئەنجامی هەڵبژاردن هەر چۆنێك بێت بەشداری لە حكومەت ناكەن تا ئەو كاتنەی زۆرینەی پەرلەمانی پێكدەهێنن. جەختیشدەكاتەوە لەوەی كە تەوریسی سیاسی و میراتگری حزبی رەتدەكەنەوە.

ئاوێنەك دانا ئەحمەد مەجید، وەك رێكخەری گشتی نوێی بزوتنەوەی گۆڕان، لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، بەشداری بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت، بە زیانی خەڵك و بزوتنەوەكە و بەرەی ئۆپۆزسیۆن شكایەوەو دەنگەكانی گۆڕان كەمبونەوە.

جەختیشی كردەوە كە "ساڵانی بەشداریكردنمان لە حكومەت بە ئەزمونێكی ناسەركەوتو لە قەڵەم دەدەین...لەبەرامبەر ئەو هەڵە و كەموكوڕییانەی ئەنجام دراون و بونەتە مایەی دڵساردی دەنگدەرانی گۆڕان داوای لێبوردن دەكەین."

رێكخەرە نوێیەكەی گۆڕان وتیشی"بەڵێن دەدەین كە لاپەڕەیەكی نوێ لە كاری سیاسی بۆ خزمەتی خەڵك هەڵدەدەینەوەو بەخۆداچونەوەیەكی قوڵ و گشتگیر لەناوخۆی خۆمانەوە دەست پێدەكەین."

وتیشی"سەرباری ئەو دۆخە ناهەموارو قەیرانئامێزەی دەسەڵاتدارانی هەرێم بەسەر هەرێمی كوردستانیاندا هێناوە، بێ ئومێدییەكی زۆریش لای خەڵك دروست بوەو متمانەی هاوپەیمانان و دۆستەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بەم حوكمڕانییە كەم بۆتەوە."

هێمای بۆ ئەوەش كرد"هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی هەرێم لە دۆخێكی پەرتەوازەییدا دەژین، ئەمە لەلایەكەوە خزمەتی حزبەكانی دەسەڵات و درێژەدان بەم حوكمڕانییە ناتەندروستە كردوەو لەلایەكی دیكەشەوە ئومێدی خەڵكی بۆ دەربازبون لە قەیرانە لاوازتر كردوە."

وتیشی"هەوڵی ئێمە بۆ گەڕاندنەوەی بزوتنەوەی گۆڕان و بینینی رۆڵی شایستەی خۆیەتی لە بەرەی ئۆپۆزسیۆندا بەتایبەت لەرێگەی بەشداریكردن لە هەڵبژاردندا..ئەنجامی هەڵبژاردن هەر چۆنێك بێت بەشداری لە حكومەتدا ناكەین تا ئەو كاتەی زۆرینەی پەرلەمانی پێكدەهێنین و لەڕێگەی ئۆپۆزسیۆنەوە شەڕی مەدەنیانەی خۆمان لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و ماف و ئازادییەكانی هاونیشتمانیاندا دەكەین."

وتیشی"دەمانەوێت جەخت لەو پرەنسیپە نەگۆڕەی گۆڕان بكەینەوە كە تەوریسی سیاسی و میراتگری حزبی رەتدەكەینەوە. پێداگریش لەسەر دەستاودەستكردنی ئاشتیانەی دەسەڵات چ لەناو حزب و چ لەناو سیستمی حوكمڕانی هەرێم دەكەین."

دانا ئەحمەد مەجید جەختی كردەوە كە "دەنگدەر ئایندەو چارەنوسی هەمو حزب و رێكخراوێك دیاری دەكات" و داوای لە دەنگدەران و گۆڕانخوازان بەتایبەت لەو سەركردەو هاوڕێیانەیان لەماوەی رابردودا لێیان دوركەوتونەتەوە، "لەم هەڵبژاردنەدا، هەلێكی دیكەمان پێ بدەن و بزوتنەوەكەتان بخەنەوە سەر نەخشەی هێز لە پڕۆسەی سیاسی هەرێم و عێراقدا."

وتیشی"داوا لە هاوڵاتیان و گۆڕانخوازان دەكەین پشتیوانمان بن و لەم چەند رۆژەدا ئاڵای گۆڕان بشەكێنینەوە و مۆمی گۆڕان بگەشێنینەوە بە ئامانجی بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگ."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×