محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، بەهۆی كوژرانی حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری گشتی حزبوڵای لوبنانەوە، سێ رۆژ ماتەمینی گشتی لەسەرتاسەری عێراق راگەیاند.
ئاوێنە: نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، كەمێك لەمەوبەر لە راگەیەندراوێكدا وتی، سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سودانی بڕیاریدا بە راگەیاندنی ماتەمینی گشتی لە سەرتاسەری عێراق بۆ ماوەی سێ رۆژ، ئەوەش بەهۆی كوژرانی حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری گشتی حزبوڵاو هاوەڵەكانی لە هێرشێكی ئیسرائیلدا.
بەرلەوە پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا داوایكرد بەبۆنەی كوژرانی حەسەن نەسروڵاوە، سێ رۆژ ماتەمینی گشتی لە عێراق رابگەیەنرێت.
سەرلە بەیانی ئەمڕۆ شەممە، سوپای ئیسرائیل كوژرانی حەسەن نەسروڵا و چەند فەرماندەیەكی حزبوڵای لوبنانی لە هێرشێكی دوێنێی سوپاكەیاندا بۆ سەر باشوری لوبنان راگەیاند.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆش حزبوڵای لوبنانی بەڕەسمی هەواڵی كوژرانی حەسەن نەسروڵای پشتڕاست كردەوە.