ئا: پەیام نەجمەدین
کانزا ڕەنگ زەردە بەهادارە جیهانییەکە، ئێستا هەر ژنەکان شەڕی لەسەر ناکەن، بەڵکو هەموو جیهان خوازیاری پاشەکوت کرنین، نرخی زێڕ ئەوەندە روو لەهەورازە کەم کەس بوێری ئەوەی هەیە خۆی لەقەرەی بدات
باخان هیوا، کچێکی تازە دەستگیراندارەو باس لەوە دەکات لەگەڵ دەستگیرانەکەی مارەبڕینو ئاهەنگیشیان تەواو کردووە، بەڵام بەهۆی گرانی نرخی زێڕ کڕینی زێریان دواخستووەو بەو هۆیەشەوە گواستنەوەیان دواخستووە، ئەو بەپەیامنێری ئاوێنەی وت "من لەبەر ئەو بارودۆخە تەنها دە مسقاڵ زێڕم کردووە، کە ئەمەش بڕێکی کەمە بەڵام گرانی زێڕ وادەکات کچان لەوە کەمتریش بکەن".
گرانی نرخی زێڕ نەک هەر کێشەی بۆ پرۆسەی هاوسەرگیری دروستکردووە، بەڵکو گرفتی بۆ پڕۆسەی جیابوونەوەی هاوسەران دروستکردووە.
یوسف محەمەد، گەنجێکەو بەهۆی نەگونجانیان لەهاوسەرەکەی جیابووەتەوە، ئەو لەبەر زۆری بڕی پێشەکیو پاشەکی مارەبڕینی بەزێڕ ماوەی جیابنەوەکەیانی دواخستبوو، بەڵام سەرەنجام ناچار هەر مارەییەکەی بۆ هاوسەری کرد، هەرچەندە زێڕ گران بوو، یوسف وتی "مارەیی زۆر کێشەیە،بەتایبەتی کە دوو هاوسەر نەگونجێن، پیاوەکە لەبەر مارەیی زۆر توانای ئەوەی نییە جیاببێتەوە".
کچانو کوڕان داوا دەکەن لەم بارو دۆخەدا پێویستە زۆر پێداگری لەسەر زێڕ نەکەن کە رۆژ بەڕۆژ نرخی بەرز دەبێتەوە.
بە پێی ڕاپرسییەکی ئاوێنە، کە لەنێو ١٠٠ ژنو کچی هەر سێ شارەکەی هەرێم ئەنجامیداوەو تەنها پرسیارێک لەبەشداربوانی ڕاپرسییەکە کردووە، ئەویش ئەوەیە: ئایا گرانی نرخی زێڕ هۆکارە بۆ کەمی پڕۆسەی هاوسەرگیری؟
٦٢٪ دەڵێن بەڵێ
٣٨٪ دەڵێن نەخێر
ئەوانەی سەرو کاریان لەگەڵ بازرگانی زێڕدا هەیە، دەڵێن بەرزبوونەوەی نرخەکەی، کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی رێژەی پرۆسەی هاوسەرگیریی هەبووە.
سەرۆکی زەڕەنگەرانی سلێمانی، دلێر تاهیر لەگفتوگۆیەکدا لەگەڵ پەیامنێر ئاوێنە، ئاماژەی بەوە کرد ماوەیەکە زێڕ نرخی زۆر بەرزەو بەرزی وای بەخۆیەوە نەبینیوە لەجیهاندا، هەموو بەرزبوونەوەیەکی زێر بازاڕ دەکوژێت، بازاڕناهێڵێت، ئەو وتی "ئەوەی ئێستا رۆژانە دەیبینین خەڵک بەس پرسیار دەکات، زێڕ کڕین بۆ خۆڕازاندنەوەو بووک هەڵگرتن زۆر کەم بووەتەوە".
وتیشی "هاوسەران لەئێستادا تەنها پێنج بۆ دە مسقاڵ زێڕ دەکەن، بەڵام لەپێشتردا زۆر زیاتر بوو، هەیە توانای نییە دێت پرسیار ئەکاتو دەڵێت بتوانی یارمەتیم بدەی بزانم دانەبەزیەوە تەلەفونێکمان بۆ بکەی بیکڕین، هەیە مارە کراوە، بەڵام کڕینی زێڕەکانی دواخستووە تا دادەبەزێت، هەیە داوا دەکات کە نیوەی پارەکە بداتو دواتر نیوەکەی تر بدات، بۆیە لەئێستادا هەندێک کەس بەئەڵقەیەک هاوسەرگیری دەکەنو بەتایبەتی لەسلێمانی گوێنادەن بەزێڕەکە وەک شارەکانی تر".
ئەمە لەکاتێکدایە وەک مافیکی ژن لە سەرپیاو، ئیسلام مارەیی کردووەتە مەرجی هاوسەرگیریی.
مامۆستا ئەحمەد قامیشی، مامۆستای ئایینی سەبارەت بەزۆری زێڕو مارەیی بەپەیامنێری ئاوێنەی وت "مارەیی ئەو ماڵەیە كە ئەرکە پیاو بیدا بەخێزانەكەی بەهۆی گرێبەستی هاوسەرگیریەوە، كە لە قورئاندا بە(صداق) هاتووە تا بزانرێ پیاوەكە لەو گرێبەستەدا(صادیقەو ڕەغبەتی) هەیە،نەك كرێ بێ یان كڕین".
وتیشی "تا بڕی زێڕو مارەییەکە كەمتر بێ نیشانەی نیەت پاكیو خزمایەتیو خۆشەویستیە".
ئەم مامۆستا ئایینییە جەغتی لەوە کرد کە "بەداخەوە کچو کوڕی ئێستا متمانەیان لەدەستداوە، بەجۆرێ كە لەدادگا لەسەر (100 تا 500) مسقاڵ ئاڵتون مارەی دەكەن، ئەو وتی "ئەگەر متمانەت پێنیە بۆ شووی پێدەكەیت؟ بۆكچی دەدەیتێ؟ لەبەرامبەریشدا ژن هەیە مارەییەكەی تەنها قورئانە".
هاوکات ئابوریناسان باس لەهۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی زێر دەکەنو دەڵێن بەرزبونەوەکە جیهانییە، بەڵام کاریگەری لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتیو هاوسەرگیریی لەکوردستانیشدا کردووە.
ەرۆکی سەندیکای زەڕەنگەرانی هەولێر، هەندرێن عەبدولرەحمان وەرتی ئاماژە بەوە دەکات کە هاوردەکردنی زێڕ زیاتر لەتورکیاو ئیماراتەوەیە، ئەو بەئاوێنەی وت "هەتا نرخی زێڕ هەرزان بێت، بازاڕی باشترە".
بەشێکی دیکە لەئابوریناسان ئماژە بەوە دەکەن کە ئەگەر کاریگەری ئەم بەرزبونەوەیە لەوڵاتان یەکجار بێت، ئەوا لەعێراقو هەرێمی کوردستان دووجارە، چونکە لەلایەک زێڕ بەرزە، لەلایەکی تر دۆلار بەرزە.
ئابوریناس گوڵاڵە سدیق، ئاماژە بەوە دەکات بەرزی زێڕو دۆلار کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر پرۆسەی هاوسەرگیری گەنجان، ئەو وتی "بەدڵنیاییەوە هۆکار دەبێت بۆ داواکردنی بڕێک کەمتر لەزێڕ لەپرۆسەی هاوسەرگیری، چونکە ئەو بڕە پارەی جاران دەتوانرا بۆ نمونە ٢٠ مسقاڵ زێڕی پێ بکڕدرێت، ئەوا ئێستا دەتوانرێت ١٠ مسقاڵی پێ بکڕدرێت. ئەمە بۆ جیابوونەوەی هاوسەرانیش بەهەمانشێوە".
وتیشی "ئەبێ هەوڵبدەین ئەم کلتوری زێڕ کڕینە لەپرۆسەی هاوسەرگیری نەمێنێتو با هیچ خاتونێک زێڕ نەکات بەپێوەر بۆ خۆشبەختی هاوسەرگیرییەکەی".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات
ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.
لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجانو ژنانو پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمو حکومەتی ناوەندی عێراقو هەڵبژاردنی کوردستان.
لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی کار لەسەر ئەو بابەتانە دەکاتو چەندین راپۆرتو فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.
"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.