بەڕێوەبەری کۆمسیۆنی سلێمانی: بردنە ژورەوەی مۆبایل بۆ وێستگەکانی دەنگدان قەدەغەیە
  2024-09-26       294       


ئامانج عەزیز، بەڕێوەبەری گشتیی ئۆفیسی سلێمانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگه‌یاند، بردنە ژورەوەی مۆبایل بۆ وێستگەکانی دەنگدان قەدەغەیە به‌ڵام تائێستا له‌لایه‌ن لیژنه‌ی باڵای ئه‌منییه‌وه‌ باس له‌ رێوشوێنه‌كان نه‌كراوه‌ كه‌ پێویسته‌ بگیردرێته‌به‌ر بۆ رێگری له‌ بردنه‌ ژوره‌وه‌ی بۆ ناوه‌نده‌كانی ده‌نگدان.

ئاوێنه‌: ئامانج عەزیز ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، "دوای ئه‌وه‌ی واده‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن دیاریكرا، له‌ دوێنێوه‌ ده‌ستیپێكردوه‌ و تا 15ی 10 به‌رده‌وام ده‌بێت، پێشوه‌خت به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانییه‌كانی شار و شارۆچكه‌كان هه‌ماهه‌نگی كراوه‌ و رێنمایی دراوه‌ته‌ پارته‌ سیاسیه‌كان، هاوكات لیژنه‌یه‌ك دروستكراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ پێشێلكاری كاندید و لایه‌نه‌كان بكات، پێشبینیش كراوه‌ كه‌ سه‌رپێچی تۆماربكرێت".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، هه‌ر بازنه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردن لیژنه‌یه‌كی ئه‌منی هه‌یه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی پارێزگار، له‌ سلێمانی تائێستا دو كۆبونه‌وه‌ ئه‌نجامدراوه‌ و به‌پێی بڕیاری كۆمسیۆن بردنه‌ ژوره‌وه‌ی مۆبایل رێگه‌ پێدراو نییه‌، به‌ڵام تائیستا ئه‌و بڕیار له‌وباره‌یه‌وه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ی باڵای ئه‌منییه‌وه‌ نه‌دراوه‌ و باس له‌وه‌ نه‌كراوه‌ كه‌ ئه‌و رێوشوێنانه‌ چیین كه‌ پێویسته‌ بگیردرێته‌به‌ر.

په‌یوه‌ست به‌ كارتی بایۆمه‌تری و ده‌نگدان، ئامانج عەزیز باسی له‌وه‌كرد، "له‌ سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ دابه‌شكردنی كارته‌كان به‌رده‌وام ده‌بێت تا 19ی 10ی ئه‌مساڵ، هه‌مو رۆژێك له‌ پێشوازی ده‌نگده‌ران ده‌بن، له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ زۆرترین كارتی بایۆمه‌تر تیادا دابه‌شكراوه‌ و 98% نزیكبوه‌ته‌وه‌".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×