وەزارەتی دارایی ھەرێم ڕایدەگەیەنێت: چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی عێراق، کۆتا گوژمەپارە بۆ دابەشکرنی موچەی مانگی هەشتى موچەخۆران بخاتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان کە 240 بۆ 243 ملیار دینارە و راستەوخۆش دوا ئەوە لیستی موچە رادەگەیەنرێت.
ئاوێنە: وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەش کردووە، کەموکوڕییەکانی لیستی موچە لە قۆناغی کۆتاییهاتندان و هاوکاتی ئەوەش چاوەڕوان دەکرێت تا ناوەڕاستی مانگی داهاتو، بەغداد موچەی مانگی ئەیلول خەرج بکات.
بەپێی زانیارییەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان، چاوەڕوانی بەغدادە کۆتا گوژمەی پارە بۆ دابەشکردنی موچەى مانگى هەشت بنێرێت و تا ناوەڕاستی مانگی داهاتوش موچەی مانگى نۆى بنێردرێت.
جێی وەبیرهێنانەوەیە، لە 24ی ئەم مانگەدا راگەیەنرا، کە نوسراوی خەرجکردنی کۆتاگوژمەی موچە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق کراوە، لەگەڵ بڕی پێشو کە 572 ملیارە و 143 ملیارەکەی مانگی تەمموز دەکاتە سەرو ترلیۆنێک و بەشی دابەشکردنی موچە دەکات کە 998 ملیار دیناری پێویستە.