پارێزگارى بانکى ناوەندیى عێراق سەرکەوتنی پلانی دیجیتاڵی و پارەدانی ئەلیکترۆنی لە عێراق راگەیاند، بەجۆرێک هاوڵاتی دەتوانێت لە رێگەى مۆبایلەکەیەوە مامەڵەى بانکى ئەنجامبدەن.
ئاوێنە: عەلى عەلاق، پارێزگارى بانکى ناوەندیى عێراق راگەیاند، "پارەدانی ئەلیکترۆنی سەرکەوتنی بەدەستهێناوە لە عێراقدا، لەماوەى دوو ساڵی رابردوودا لە رێژەی 20%ەوە بۆ 48.5% بەکارهێنانی بەرزبووەتەوە".
راشیگەیاند، هاوڵاتییانى عێراق دەتوانن لە رێگەى پارەدانى ئەلیکترۆنى و بە مۆبایلەکانیان کاروبارە بانکییەکانیان ئەنجامبدەن، ئەمەش خزمەتگوزاری بۆ هاوڵاتی ئاسان دەکات، دەرفەتی ساختەکاری و گەندەڵی کەمدەکاتەوە".
پارێزگارى بانکى ناوەندیى عێراق، ئەوەشى خستووەتەڕوو، زۆر داواکاری پێشکەش بە بانکی ناوەندی کراوە بۆ دامەزراندنی بانکی دیجیتاڵی، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئەم سیستمە جێگەی سەرنجی وەبەرهێنەرانە.
دەشڵێت، زیاتر لە 60 داواکاری هەیە کە لە ئێستادا بانکی ناوەندی لێیاندەکۆڵێتەوە بۆ ئەوەی بڕیارێکی گونجاوی لەبارەوە بدات.
عەلی عەلاق، ئەوەشى روونکردووەتەوە، کە"عێراقییەکان تاوەکو رادەیەکی زۆر خاوەنی مۆبایلن، ئەمەش سوودێکە کە دەبێت وەبەرهێنانی تێدا بکەین بۆ ئەنجامدانی ئەم ئەرکە".