ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە كۆبونەوەی ئەمڕۆیدا بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەستی "بەشێوەیەكی مەبدەئی" پەسەند كرد و داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات ڕەزامەندی لەسەر بدات. ئەنجومەنی وەزیران دەشڵێت، پشتیوانی لە سەرژمێریی گشتی دەكەین بەڵام نابێت بۆ هیچ مەبەستێکی سیاسی بەکار بهێنرێت و ببێتە جێگرەوەی هیچ ڕێکارێکی دەستوریی کە لە ماددەی 140دا هاتوە.
ئاوێنە: ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی ئەیلولی 2024، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە. حكومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا ناوەڕۆكی كۆبونەوەكەی خستۆتەڕو.
دەقی راگەیەندراوەكە:
ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی ئەیلولی 2024، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە.
لە دەستپێکی کۆبونەوەدا، سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە ساڵیادی ڕیفراندۆم کرد وەک پرۆسەیەکی دیموکراتیانە و بەو بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان کرد.
سەرۆک وەزیران هەروەها بە بۆنەی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دوپاتیکردەوە کە پێویستە لە چوارچێوەی ڕێنماییەکان ، بانگەشەیەکی ئارام و شارستانیانە و لە سەر خۆ بکرێت . سەرۆک وەزیران هیوای خواست کە ئەنجامی هەڵبژاردن لە خزمەتی دەسکەوت و مافە دەستورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی زیاتری دیموکراسیی بێت.
بڕگەی یەکەمی کۆبونەوە، تایبەت بو بە گفتوگۆکردن لەسەر دۆسیەی (فەرمانبەرانی گرێبەست و دەرچوانی سێ یەکەمی لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێم و هەڵگرانی بڕوانامە باڵاکان و ئەوانەی کە یاسای پلەبەندی خاوەن پیشەی تەندروستی وپزیشکی دەیانگرێتەوە) دەیانگرێتەوە، بۆ ئەم مەبەستە هەریەک لە سیراج بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی گشتیی ڕاژە و ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران وردەکاریی ئەو بڕگەیەیان بە زانیاریی و ژمارەی پێویست و چوارچێوەی یاسایی و دارایی بابەتەکە خستەڕو و ئاماژەیان دا بە ڕۆڵی بەرچاوی هێزی کاری فەرمانبەرانی گرێبەست لە ناو دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم کە خاوەنی ساڵانێکی زۆری خزمەتن و هەندێکیان بەرپرسیارێتی بەڕێوەبردنیشیان پێ دراوە، هەروەها ئاماژە بە ڕەوایی داوایان بۆ بەهەمیشەییبون لەسەر میلاکی گشتی کرا، بە تایبەتی کە هەمویان تۆماری بایۆمەتریان بۆ ئەنجامدراوە و خاوەنی ژمارەی وەزیفیی خۆیانن و لیستی موچە و تەرخانکراویی مانگانەیان لە لایەن حکومەتی فیدڕاڵەوە پەسەندکراوە.
سەبارەت بە بەشەکانی دیکەی وەک سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگا حکومیەکان و هەڵگرانی بڕوانامەی باڵای دانەمەزراو و ئەوانەی کە یاسای پلە بەندیی پزیشکی دەیانگرێتەوە، ئاماژە بەوە درا کە هاوەڵەکانیان لە حکومەتی فیدڕاڵ بە یاسای تایبەت بە خۆیان، دەرفەتی دامەزراندنیان بۆ ڕەخساوە کە پێویستە ئەوانەی هەرێمیش وەک هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدڕآڵ، مامەڵە بکرێن و بە گوێرەی هەمان یاسا. بۆ ئەو مەبەستەش ئەرکی حکومەتی فیدڕاڵە کە پلەی وەزیفی پێویست و تەرخانکراوی داراییان بۆ دابین بکات لە چوارچێوەی خشتەی میلاکاتی هەرێم بۆ ساڵی 2025 بە ڕەچاوکردنی بنەمای هێنانەدی یەکسانی لە نێوان هەرێم و بەغدا کە هەم دەستور و هەم دادگای باڵای فیدڕاڵیش جەختی لێ کردۆتەوە، بە تایبەتیش لەم قۆناغە کە پەیوەندی دارایی نێوان هەرێم و بەغدا چوەتە ئاستێکی بەرز بە ئاراستەی یەکخستنی ڕێکارە داراییەکان و یەکخستنی شایستەی دارایی و موچە و دەرفەتی دامەزراندن بۆ هەموان لەسەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە.
ئەنجومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، بە شێوەیەکی مەبدەئی بابەتی بەهەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەستی پەسەند کرد بە هەمان ئەو مەرج و میکانیزم و ڕێکارانەی کە حکومەتی فیدڕاڵ لەمبارەیەوە پەیڕەویان دەکات و بەگوێرەی پێداویستی و تایبەتمەندیی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان. بۆ ئەم مەبەستەش، وەزارەتی دارایی وئابوری و ئەنجومەنی گشتی ڕاژەی هەرێمی کوردستان ڕاسپێردران کە ڕێکاریی پێویست بگرنەبەر بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراقی فیدراڵ و لە چوارچێوەی هەمان تەرخانکراویی ئێستای موچەی فەرمانبەرانی گرێبەست کە لە لایەن وەزارەتی دارایی عێراق مانگانە خەرج دەکرێت.
سەبارەت بە سێ یەکەمی زانکۆ و پەیمانگاکان و خاوەن بڕوانامە باڵاکانی دانەمەزراو و ئەوانەی کە یاسای پلەبەندیی پزیشکی دەیانگرێتەوە لە هەرێمی کوردستان، ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە پێویستە حکومەتی فیدڕاڵ پلەی وەزیفی و تەرخانکراویی دارایی پێویست دابین بکات بە گوێرەی ئەو یاسایانەی کە هاوەڵەکانیان لە حکومەتی فیدڕاڵیی پێ دامەزراوەن بە هەمان میکانیزم و ڕێکار و مەرجە بەرکارەکان و بە گوێرەی پێداویستی وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێم، ئەویش لە چوارچێوەی خشتەی میلاکاتی هەرێم بۆ ساڵی دارایی 2025 کە بە داخەوە لە دوای ساڵی 2013 ەوە هیچ پلەیەکی وەزیفی نوێ بۆ هەرێمی کوردستان دروست نەکراوە و ژمارەی میلاکی هەرێم بۆ ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتوە، بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتی دارایی و ئابوری و ئەنجومەنی گشتی ڕاژە لە هەرێم ڕاسپێردران کە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ و ئەنجومەنی گشتی ڕاژەی فیدڕاڵ، ڕێکاریی پێویست بگرنەبەر.
لە بڕگەی دوەمدا دوا پێشهاتەکانی پەیوەندیدار بە سەرژمێریی گشتیی دانیشتوانی عێراق خرایەڕو کە بڕیارە لە 20 ی تشرینی دوەمی ئەمساڵ ئەنجام دەدرێت.
دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان و فەهمی بورهان سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم ، تیشکیان خستە سەر دوایین ئامادەکارییەکانی ئەنجامدانی سەرژمێری و تێبینی و سەرنج و نیگەرانی و مەترسیی خۆیان لە بارەی شێواز و ئامانجی پرۆسەکە دەربڕی.
ئەنجومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، دوپاتی کردەوە کە دژی ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتی نین ، بەڵام نابێت ئەم سەرژمێرییە بۆ هیچ مەبەستێکی سیاسی بەکار بهێنرێت و نابێت ببێتە جێگرەوەی هیچ ڕێکارێکی دەستوریی کە لە ماددەی 140 ی دەستوردا هاتوە. بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتی پلاندانان و دەستەی گشتی ناوچەکوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ڕاسپێردران کە تێبینی و سەرنج و نیگەرانی و پێشنیار و ڕاسپاردەکانی هەرێمی کوردستان بگەیەننە لایەنی پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدڕاڵ.