لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە كۆبونەوەیاندا لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، پرسی تەوتینی موچەی فەرمانبەران و داهاتی هەرێم و هەروەها گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێمیان لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكان تاوتوێ كردون.
ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی لیژنەكە، لە كۆبونەوەكەدا ژمارەیەك دۆسیەی پەیوەست بە داهات و خەرجییەكانی هەرێم و هەروەها پرسی تەوتینی موچەی فەرمانبەران تاوتوێكران لەگەڵ چۆنیەتی چارەسەركردنی پرسە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەردو حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێم و لابردنی كۆسپەكانی بەردەمیان بەپێی دەستور و لێكنزیكردنەوەی تێڕوانینەكان.
لیژنەكە ئاماژەی بەوەشداوە، لە كۆبونەوەكەدا جەخت لەوە كرایەوە كە پێویستە قۆناغێكی نوێی لێكتگەیشتن بهێنرێتە ئاراوە لەسەر بنەمای ماف و ئەركەكان و بەدیهێنانی عەدالەت لە دابەشكردنی سامانەكانی وڵات بەتایبەت ئەوەی پەیوەستە بە دۆسیەی هەناردەی نەوت ئەوەش بە دروستكردنی روبەڕوبەرێكی هاوبەشی لێكتێگەیشن لەبارەی پرسی پێداچونەوە بە گرێبەستە نەوتییەكانی ئێستادا لەگەڵ كۆمپانیاكان و گونجاندنیان لەڕوی یاساییەوە لەگەڵ دەستور.
عەتوان عەتوانی، سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق جەختی كردۆتەوە كە لیژنەكەیان پێداگرە لەسەر كاركردن بۆ زیادكردنی داهاتە نانەوتییەكان و یەكخستنی كاری دەروازە سنورییەكان بۆ پشتیوانیكردنی گەنجینەی دەوڵەت.