ناوەڕۆكی كۆبونەوەی نێوان مەسرور بارزانی و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق
  2024-09-25       278       

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق پێویستە ماف و شایستە داراییەكانی هەرێم بەبێ هیچ ئاستەنگ و گرفتێك بدرێن و هەرێمی كوردستان مافی دامەزراندنی فەرمانبەرانی نوێی هەبێت. داواش دەكات بەزوترین كات هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێبكاتەوە.

ئاوێنە: ئەمڕۆ چوارشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی فیدراڵ کۆبوەوە. حكومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا ناوەڕۆكی كۆبونەوەكەی خستۆتەڕو.

بەپێی راگەیەندراوەكە، سەرۆکی حکومەتی هەرێم هیوای خواست سەردانەكەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ببێتە هۆی زیاتر ڕونکردنەوەی پرس و بابەتە پەیوەندیدارەکانی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکان.

سەرۆکی حکومەت دوپاتیکردەوە "هەرێمی کوردستان، پابەندە بە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی و داوای پاراستنی مافەکانی دەکات وەک لە دەستوردا هاتوە و پێویستە ماددەکانی دەستور، هەموی وەکو خۆی و وەک یەک پاکێج جێبەجێ بکرێت."

سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە، "ئەگەر نیازپاکی و ڕێزلەیەکترگرتن و لەبەرچاوگرتنی سیستەمی فیدراڵی و قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان هەبێت، کێشەکان بەئاسانی چارەسەر دەبن. وتیشی، "ئێمە دەمانەوێت باشترین پەیوەندیمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ هەبێت و پێویستە هەمومان کار لە پێناو خزمەتکردنی هاوڵاتییانمان بکەین."

سەرۆکی حکومەت هەروەها جەختی کردەوە، "نابێت موچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان وەکو کارتێکی سیاسی و فشار بەکاربهێنرێن، بۆیە پێوستە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە ڕەفتار لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت و وەک هەمو ناوچەکانی دیکەی عێراق، ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بەبێ هیچ ئاستەنگ و گرفتێک بدرێت و هەروەها لە دامەزراندنی فەرمانبەرانی نوێ، پێویستە هەرێمی کوردستانیش وەک هەمو بەشەکانی دیکەی عێراق، بە پێی یاسای بودجەی فیدراڵ، مافی دامەزراندنی فەرمانبەرانی نوێی هەبێت."

لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە دا کە "بەهۆی وەستاندنی نەوتی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە نۆزدە ملیار دۆلار زیان بە هەرێمی کوردستان و بودجەی گشتیی فیدراڵ کەوتوە، بۆیە پێویستە لە زوترین کاتدا، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە و لە هەمانکاتدا، کار لە سەر دەرکردنی یاسایەکی تایبەت بە نەوت و گازی فیدراڵ بکرێت."

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، عەتوان عەتوانی سەرۆکی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق جەختی کردەوە كە ئامانج لە هاتنی لیژنەی دارایی ئەوەیە کە بەشێوەیەکی جیددی و بنەڕەتی چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و بەتایبەتی کێشە داراییەکان بکرێت و بۆ ئەم مەبەستەش، بۆ ماوەی دو ڕۆژ کۆبونەوەکانیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر بەردەوام دەبێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×