مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی، لە یەكەم رۆژی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، رایگەیاند، زۆر كەس خەونی دروستكردنی كەلێنی لەناو پارتی بردە ناو قەبر، ئەوانەی ئێستاش دەیبەنە ناو قەبر. دەشڵێت، ئومێدەوارم پەرلەمانی داهاتو، هەیبەت و قودسیەت بگێڕێتەوە بۆ پەرلەمان.
ئاوێنە: مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە یەکەم رۆژی بانگەشەی هەڵبژاردن و لە رێوڕەسمی ناساندنی كاندیدەكانی حزبەكەیدا، وتەیەكی پێشكەشكردو وتی"لەم رۆژە پیرۆزەدا، پیرۆزبایی لە هەموتان دەكەم، ئەو رۆژەی گەلی كورد نەیهێشت ئیرادەی بچەمێت، رۆژی (25)ی ئەیلول (رۆژی ریفراندۆم)."
سەرۆكی پارتی وتیشی"بەهیمەتی پارتییەکان خۆمان ئامادە دەكەین و رۆژی (20) ئۆکتۆبەرو سەرکەوتنی گەورە بەدەستدەهێنین."
مەسعود بارزانی لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا وتی"سوپاسی بێپایانی خەڵكی كوردستان دەكەم بۆ خۆراگریان بەرامبەر پیلانە دەركییەكان و بەچاوساغی هەندێك لە ناوخۆ، كە ویستیان هەرێمی كوردستان تێكبدەن، سەبری ئەیوبیان هەبو خۆیان راگرت و هەرێمەكەیات تەسلیم نەكرد."
هەروەها وتیشی"داوا دەکەم لەم هەڵبژاردنە زۆر لەسەر خۆبن و دوور بن لە تووندتیژی و زمانی زبر، راتان نەكێشن بۆ شەڕێكی لابەلا، سەنگی خۆتان و پارتەكان بپارێزن."
ئاماژەی بەوەشدا "زۆرجار وەڵام نەدانەوەی خەڵكێكی نابەرپرسیار، وەڵامدانەوەیە، ئەگەر پێویست بە وەڵامدانەوە بكات دەبێت مەدروس بێت و پرس بە لیژنەی باڵای هەڵبژاردن بكرێت، ئەوەشتان لەبیرنەچێت ئەوەی زمانی درێژە دەستی كورتە."
بەقسەی مەسعود بارزانی "زۆركەس خەونی بەوەوە دەبینی كە سەركردەكانی پارتی یان جیاوازیان هەبێت یان كەلێن دروستبكەن، خەونەكانیان بردە ناو قەبر، ئەوانەی ئێستاش دەبێت بیبەنە ناو قەبر."
لە بەشێكی دیكەی وتەكەیدا مەسعود بارزانی هێمای بۆ ئەوە كرد كە "لەگەڵ بەغدایش لەگەڵ بەرێز سودانی لێكگەیشتنی باش هەیە و حكومەتی هەرێم بەهەمو شێوەیەك خەریكە لەگەڵ بەغدا ئەو كێشانە چارەسەربكەن."
هەروەها ئەوەشی وت"بەداخەوە چەند رۆژێك لەمەوبەر گوێمان لە هەندێك لە شۆڤێنیەكان بوو وتیان نابێت چەك بە پێشمەرگە بدرێت، رەخنەیان گرتووە لەوەی چەند تۆپێك رادەستی پێشمەرگە كراوە. وەڵامی من بۆ ئەوان ئەمەیە...پێشمەرگە نە بەبڕیاری كەس دروستبوەو نە بەبڕیاری كەسیش تێكدەچێت. هیچ كاتێك پێشمەرگە مەترسی نییە، چونكە پێشمەرگە هێزێكی گوێڕایەڵەو هێزێكی رێكخراوە، بەڵام مەترسی لەسەر عێراق و ناوچەكەیە ئەو فیكرە شۆڤێنیەیە كە ماوە."
مەسعود بارزانی وتیشی"ئومێدەوارم پەرلەمانی داهاتو، هەیبەت و قودسیەت بگێڕێتەوە بۆ پەرلەمان و هەست بە بەرپرسیارێتی مێژویی خۆی بكات بەرامبەر بە خەڵكی كوردستان."