هەندرێن محەمەد، سەرۆكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم رایگەیاند، پێویستە کۆمسیۆن بەرنامەیەکی هەبێت بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی ئاسایشی ئەو ناوچانەی لەژێر بۆردومان و ئۆپەراسیۆنی وڵاتانی دراوسێن، تا خەڵک بێ بەش نەبن لەمافی دەنگدان.
ئاوێنە: هەندرێن محەمەد، لە لێدوانێكدا بۆ دەنگی ئەمریكا، ئەوەشی وتوە"ئەو ئۆپەراسیۆن و بۆردومانانەی دەکرێن پێشمەرگە یا سوپای عێراق نایکەن تا پاشتر ئاگادار بکرێنەوە، بەڵکو لایەنی دەرەکی دەیکات، بۆیە پێویستە کۆمسیۆن هەم هەڵسەنگاندن بۆ ئەو ڕاپۆرتانە بکات و هەم چارەسەر، چارەسەریش بریتییە لەکردنەوەی بنکەیەکی تایبەت بە دەنگدانی خەڵکی ئەو گوند و شوێنانەی لەژێر بۆردومان و ئۆپراسیۆندان."
ئەوەشی خستۆتەڕو"وەک کۆمسیۆنی هەرێم لە هەڵبژاردنەکانی پێشتر، بەو جۆرەمان کردوە، ئێمە لە 2014 وەک کۆمسیۆنی هەرێم ئەزمونێکی لەوجۆرەمان هەبو کە بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە خەڵکی موسڵ و ئەنبار هاتبونە کوردستان لەهەرێم دەنگیان دا، بەڵام ئەمجارە جیاوازە چونکە سیستمی دەنگدان ئەلیکترۆنییە، نەشمبیستوە کۆمسیۆن هیچ هەڵسەنگاندن و بەدواداچونی بۆ دۆخی ئەو گوند و شوێنانە کردبێت کە دۆخی ئەمنییان جێگیر نییە."