ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، جیاكاریان لە نێوان شارەكانی هەرێمی كوردستان نەكردوە و پارەی هەولێر و دهۆكیان بۆ هەڵەبجە و گەرمیان خهرجكردوە.
ئاوێنه: ئالان حەمە سەعید ئەمڕۆ چوارشەممە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "بودجەمان بۆ هەمو شارەكان لەكاتی خۆیدا تەرخانكردوە لە گەرمیانەوە تاكو زاخۆ، لە هەرشوێنێكیش ئەگەر كارێك ئەنجام نەدرابێت، دەبێت لەگەڵ دەسەڵاتی خۆجێی ئەو شوێنە قسەبگرێت، لەگەڵ بانك لایەنە پەیوەندی دارەكان بۆ ئەوەی بزاندرێت سوەیلەی پێویست هەبوە یاخود نا".
ئاماژەی بەوەشكرد، "بۆ ئەوانی باسی جیاكاری دەكەن، ئێمە لە وەزارەتی پەروەردە لە پشكی بەڕێوەبەرایەتیەكانی هەولێر و دهۆكمان داوەتە پەروەردەی گەرمیان".
ئالان حەمە سەعدی باسی لەوەشكرد، "بەگوێرەی داتاكانی پلاندانان، پەروەردەی گەرمیان لە 4%ی بودجەی هەیە، بەڵام وەكو وەزیری پەروەردە ئەو بەشەی گەرمیانم بەرزكردوەتەوە بۆ لە 8%".
ئەوەشی خستەڕو، "بەشێك لە بودجەی پەروەردەی هەولێر، دهۆك و سلیمانی هەڵگرتوە و داومەتە گەرمیان و هەڵەبجە، چونكە ئەوان پێویستیەكی زیاتریان هەبوە، مەبدەئی جیاكاری لە وەزارەتی پەروەردە نییە، كوردستان هەموی یەكە بۆ ئێمە".