یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان ڕایگەیاند، داوا لە هاوڵاتیان دهكات بەشداری ههڵبژاردنەكان بكەن، چونكە بەشێكە لە هۆشیاری تاك، هەروەها دەڵێت، "پێویستە پیرۆزی مزگەوتو قورئان ڕابگیرێتو نەکرێنە بەشێك لە پڕۆسەی هەڵبژاردن".
ئاوێنه: یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، "هانی هاوڵاتیانی هەرێمەکەمان دەدەین بە گوڕوتینەوە، بەشداری پڕۆسەی دەنگدان بکەنو بە دەنگی خۆیان نوێنەرەکانی خۆیان بۆ پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێرن، بەشداریکردن لە هەڵبژاردن بەشێکە لە هۆشیاری تاکو بەشداریکردنە لە بڕیارەکانی داهاتووی هەرێمەکەمان.
ئاماژەی بەوەشكرد، پێویستە هەمو لایەك لە کاتی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن دەست بە بەها مرۆییو نیشتیمانییەکانەوە بگرن، بەجۆرێك پرۆسەکە لە کەش و هەوایەکی ئارامو دور لە زمانی زبرو تەخوینکردنو سوکایەتیکردن بەڕێوەبچێت، بۆ پاراستنی گیانی برایەتی و تەبایی، چونکە هەر هەنگاوێکی ناشیاو ڕەنگدانەوەی بەسەر پەروەردەی تاکەکانەوە دەبێتو سیمای شارستانی گەلەکەشمان لەکەدار دەکات، بۆیە پێویست دەکات هەمو لایەک پابەند بێت بە ڕێنماییەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و لایەنە پەیوەندارەکان بۆ ئەوەی بانگەشەی هەلبژاردن لە کەشێکی ئارام بەرێوە بچێت.
یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان باسی لەوەشكردوە، مزگەوتو قورئانو موقەدەساتی ئایینی موڵکی هەمو موسلمانانی کوردستانن، پێویستە پیرۆزییان ڕابگیرێتو نەکرێنە بەشێك لە پڕۆسەی هەڵبژاردن، لەمەدا زەرەمەندی یەکەم پێگەی ئایینو پیرۆزییەکانە.