هەرچەندە بڕیاربو ئەمڕۆ جوتیاران بڕۆن و چەکى پارەى گەنمەکانیان وەربگرن، بەهۆى ئەوەى هێشتا پارە نەچوەتەسەر هەژمارە بانکییەکان پرۆسەکە کێشەى تێکەوتوە و بەڕێوەبەرى سایلۆکانى سلێمانیش دەڵێت: جوتیارێکى زۆر چاوەڕێن و چەکەکانیشیان بدەمێ پارە لە بانکدا نییە وەریبگرن.
ئاوێنە: نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری سایلۆکانی سلێمانی ڕایگەیاند، دوێنێ جوتیارانمان ئاگادار کردەوە کە ئەمڕۆ بێن و چەکى پارەکانیان وەربگرن، بەڵام تا ئەم ساتە هیچ پارەیەک بۆ ئەو مەبەستە لە بەغدادەوە نەنێردراوە.
باسی لەوەش کردووە، کە دوێنێ بانکى هەرێم ئاگادارى کردونەتەوە کە بەغداد پارەکەى خستوەتەسەر هەژمارى بانکى بابان، بەڵام شەوى رابردو ئاگادار کراونەتەوە کە پارەکە دەنێردرێت بۆ یەکێک لە بانکەکانى شارى هەولێر و تا ئێستاش ئەو کارە نەکراوە.
جەختیشیکردەوە کە تا ئێستا پارەکە نەگەیشتوە و ناشزانن کەى دەگات، وتى: ئێستا جوتیارێکى زۆر هاتون و چاوەڕێی وەرگرتنى چەکەکانیان دەکەن، بەڵام ئەگەر چەکەکانیشیان رادەست بکەین پارە نییە لە بانکەکان وەریبگرن.
ئەوەشى خستەڕو کە بڕى پارەى جوتیاران لە سنورى شەش سایلۆکەى شارى سلێمانى بڕى 67 ملیار و 84 ملیۆن دینارە و شایستەى دوو هەزار و 284 جوتیارە.