گۆڕان رەتیدەكاتەوە چەند بەرپرسێكیان لە دهۆك چوبێتنە ناو پارتی
  2024-09-23       316       

مەکۆی بادینانی بزوتنەوەی گۆڕان، سەرجەم ئەو دەنگۆیانە رەت دەکاتەوە کە ژمارەیەك بەرپرسی نێو بزوتنەوەی گۆڕان لە سنوری دهۆك، چوبێتنە ناو ریزەكانی پارتی.

ئاوێنە: ئەنجومەنی مەکۆی بادینانی بزوتنەوەی گۆڕان لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە: رەتی دەکەنەوە ژمارەیەك بەرپرسی بزوتنەوەی گۆڕان، چوبنە نێو پارتی.

وتوشیەتی، ئەوەی لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە کە گوایە چەند بەرپرسێك چونە نێو پارتی، ماوەیەکی زۆرە لە نێو ڕیزەکانی بزوتنەوەی گۆڕاندا نەماون و دورخراونەتەوە.

ئاماژەی بەوەش کردوە: ئەو کەسانەی بە ناوی بزوتنەوەی گۆڕان لێدوان دەدەن، سەرجەم لێدوانەکانیان بێ بنەمان، چونکە ئەو کەسانە لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی بزوتنەوەی گۆڕاندا، شکستیان هێناوە و چاوەڕوان بون لەگەڵ نزیك بونەوە لە هەڵبژاردن، بچنە نێو پارتی بۆ بەدەستهێنانی قازانجی کەسی.

ئەنجومەنی مەکۆی بادینانی بزوتنەوەی گۆڕان، جەختیشی كردۆتەوە "بزوتنەوەی گۆڕان بە رۆیشتنى کەسانی لاواز و بەرژەوەندخواز، لاواز نابێت."

ئەوەش لەكاتێكدایە كە پێشتر ژمارەیەك كەس لە دهۆك لێدوانێكیاندا بۆ میدیاكان رایانگەیاند، هەرچەندە نزیكەی 15 ساڵە لە ڕیزەكانی گۆڕان كار دەكەن، بەڵام دواجار بڕیاریان داوە لە نێو پارتی دیموكراتی كوردستاندا خەباتی خۆیان بكەن، بۆیە خۆیان داوایان لە مەكتەبی ڕێكخستنی پارتی لە پارێزگای دهۆك كردوە کە دەرگا بە ڕوویاندا بكەنەوە، تاوەكو لە چوارچێوەی پارتیدا درێژە بە خەباتی سیاسیی خۆیان بدەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×