دوای بڵاوكردنەوەی گرتە ڤیدیۆیەك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كە تێیدا هونەرمەندێكی عەرەب لە هەولێر لێی دراوەو بە زەبری هێز لەلایەن كەسێكەوە پێڵاوی پێ ماچ دەكرێت. ئاسایشی هەولێر دەڵێت، دو تۆمەتبار لەسەر ئەو كەیسە دەستگیركراون.
ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"دوای ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گرتە ڤیدیۆیەك بڵاوکرایەوە کە هێرش دەکرێتە سەر هۆنەرمەندێک بەناوی (بسمان الخطیب)، دەستبەجێ لە لایەن هێزەکانمانەوە دەست بە ئەنجامدانی بەدواداچون کرا."
ئەوەشی خستۆتەڕو"لە ماوەیەکی کەمدا بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر دو تۆمەتبارمان بەناوەکانی (ع. پ. ی.) و (ع. ع. ح.) دەستگیرکرد کە یەکێک لەتۆمەتبارەکان لە گرتەڤیدیۆكەدا دەردەکەوێت و هێرش دەکاتە سەر ئەو هونەرمەندەو تۆمەتباری دوەم وێنەی دەگرێت."
ئاسایشی هەولێر وتوشیەتی"لە لێکۆڵێنەوە لەگەڵ تۆمەتباران دەرکەوت کێشەکە کۆمەڵایەتییە."
ئەوەش لەكاتێكدایە كە هونەرمەندە عەرەبەكە لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، ئەو لەلایەن كۆمەڵێك كەسەوە رفێندراوەو جگە لە لێدان سوكایەتی پێكراوە.
بۆ بینینی ڤیدیۆی سوكایەتی پێكردنی ئەو هونەرمەندە لێرە كلیك بكە