دەرچووە سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان لەبەردەم ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمی کوردستان گردبوونەوە و دەڵێن: گەر دانەمەزرێین ئەوا هەڵوێستی دیکەمان دەبێت.
ئەمڕۆ، دەرچووە سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان، بە هۆی تەواونەبوونی ڕێکاری دامەزراندنیان لە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمی کوردستان لە هەولێر گردبوونەوە.
لە گردبوونەوەکەدا دەرچووان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان ئەنجامدا و ڕایانگەیاند، بەپێی داتا و ئەو نووسراوانەی کە کراوە ئێمە پێویستییەکی زۆر گرنگی ناو زانکۆ و پەیمانگاکانین، ئەمە ٣٦ـەمین جارە گردبوونەوە دەکەین، گەر دانەمەزرێن ئەوا ناچارین هەڵوێستی دیکە دەگرینە بەر،
ئاماژەیان بەوەشدا، گەر داواکارییەکەمان ڕەوا نەبووایە ئەوا هەر خۆیان (حکومەت) نووسراویان نەدەکرد کە بایۆمەتری بکەین، ١٢ هەزار و ٢٨٦ کەس بایۆمەتری پێ کراوە، ئەم سستییە لە دامەزراندن لە پای چی؟
دەرچووانی دانەمەزراو جەختیانیش کردەوە، بە هۆی دانەمەزراندنمانەوە ئاستی ناو ناوەندەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێم لە دابەزینی بەردەوامدایە، ئایە بیر لە داهاتووی وڵات ناکەنەوە؟ تا کەی ئاوڕ لەو کەسانە نادەنەوە کە ڕۆڵەکانی ئەم وڵاتە پێدەگەیەنن.