پێگەی تایبەتی پەخشان عەزیزی بڵاویکردووەتەوە، بارودۆخی تەندرووستی پەخشان عەزیزی، زیندانی سیاسی کورد بەرەو خراپتر دەچێت، ئاماژە بەوەشکراوە، لایەنە ئەمنییەکانی زیندان ڕێگرییان لێکردووە سەردانی پزیشک بکات.
ئاوێنه: دوێنێ، پەخشان عەزیزی زیندانیی سیاسیی کورد لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام سەبارەت بە بارودۆخی لە بەندیخانەی ئەوین بەمجۆرە زانیاریی خستەڕوو.
لە بڵاوکراوەکەدا ئاماژەبەوەکراوە، کەمپینی ئازادیی پەخشان عەزیزی ئاگادارکراونەتەوە، کە پەخشان عەزیزی زۆر پێویستی بە پشکنینی پزیشکی پسپۆڕ هەیە، بەڵام بەرپرسانی بەندیخانەی ئەوین ڕێگرییان لێکردووە سەردانی پزیشک بکات.
دەشڵێت: پەخشان عەزیزی بەدەست سەرئێشەی توندەوە دەناڵێنێت و پێشتر بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسییە هەموو خەرجییەکانی پشکنینە تایبەتمەندەکانییان قبوڵ کردووە و خەرجیان کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا ڕێگریی لە ناردنی بۆ لای پزیشک دەکەن.
جێی باسە، پەخشان عەزیزی خەڵکی شاری مهابادە و دەرچوویی کاری کۆمەڵایەتی لە زانکۆی عەلامە تەباتەبایی لە تاران، چالاکوانی بواری مافی ژنان و زیندانی سیاسییە لە زیندانی ئەوین.
جێگای ئاماژەیە، لە ٤ـی ئابی ٢٠٢٣ لە لایەن هێزە ئەمنییەکان لە تاران دەستبەسەر کرا و گواسترایەوە بۆ بەندی ٢٠٩ـی زیندانی ئەوین، بە تۆمەتی “یاخییبوون و ئەندامێتی لە گرووپەکانی دژبەری دەوڵەت” زیندانیی کرا.
ئەمە لە کاتێکدایە، سەروناز ئەحمەدی، چالاکوانی مافی مرۆڤ، یارمەتیدەری کۆمەڵایەتیی و زیندانی سیاسیی لە زیندانی ئەوین، کە ١٦ مانگە لە زیندان دایە، بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە شێوازی چارەسەری پزیشکی و ڕێگریکردن لە ناردنی بۆ مۆڵەتی پزیشکی، دەستی بە مانگرتنی پزیشکی کردووە.
هەر دوێنێ، سودابە بەلالی دایکی سەروناز ئەحمەدی لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام ڕایگەیاندووە، ڕەوشی کچەکەی ناجێگیرە و سەرەڕای باری جەستەیی و دەروونی، بەرپرسانی زیندان هێشتا ڕێگریی دەکەن کە سەروناز ئەحمەدی مۆڵەتی پزیشکی وەربگرێت.