وته‌بێژی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم: بۆ موچه‌ی ئاب كورتهێنان هه‌یه‌و ناشتوانین پڕی‌ بكه‌ینه‌وه‌
  2024-09-22       533       

وته‌بێژی حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان رایگه‌یاند، پاره‌ی موچه‌ی مانگی ئاب به‌ ته‌واوی نه‌هاتوه‌ و كورتهێنانی‌ هه‌یه‌، ده‌شڵێت: "ناتوانین ئه‌و كورتهێنانه‌ پڕبكه‌ینه‌وه‌".

ئاوێنە: پێشه‌وا هه‌ورامانی، وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ كوردستان24 وتی‌: "بڕی پاره‌ی‌ ته‌واو بۆ مانگی ئاب نه‌هاتوه‌ و هۆكاره‌كه‌ ڕون نییه‌ كه‌ بۆچی وه‌زاره‌تی دارایی عێراق 243 ملیار دیناری نه‌ناردوه‌ و كورتهێنانمان هه‌یه‌ و حكومه‌ت ناتوانێت ئه‌و كورتهێنانه‌ پڕ بكاته‌وه‌".

وتیشی‌: "هیچ بیانویه‌ك بۆ به‌غدا نه‌ماوه‌ته‌وه‌ كه‌ ته‌واوی موچه‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان نه‌نێرێت، ئێستا سه‌رو 700 ملیار دینارمان لەبەر ده‌سته‌".

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕو كه‌ "ئه‌گه‌ر حكومه‌تی عێراق بڕه‌ پاره‌كه‌ی دیكه‌ بنێرێت، لیستی موچه‌ بڵاو ده‌كه‌ینه‌وه‌ و ده‌ست ده‌كه‌ین به‌ دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی هه‌شت".

راشیگه‌یاند، شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌و چه‌ند ڕۆژه‌ی داهاتو سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات و لیستی موچه‌ی مانگی نۆی موچه‌خۆرانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ خۆی ده‌بات و راده‌ستی وه‌زاره‌تی دارایی عێراقی ده‌كات.

ئەو قسانەی وتەبێژی حكومەتی هەرێم لەكاتێكدان كە پێش ئەو، هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، بەو پارەیەوە كە ئەمڕۆ بەغدا ناردویەتی 755 ملیار دینار لەبەردەستە بۆ دابەشكردنی موچەو 243 ملیار دینار كورتهێنان هەیە. وتیشی، لەبارەی پڕكردنەوەی كورتهێنانەكە بڕیاردەدەن و ئەمشەو یان سبەی دوشەممە، لیستی موچە بڵاودەكەنەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×