بافڵ تاڵەبانی: تا پرسی کورد چارەسەر نەکرێت سەقامگیری لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەدی نایەت
  2024-09-22       548       

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی لە پەیامێكدا بۆ پارتی یەكێتی دیموكراتی(پەیەدە) رایگەیاند، تا پرسی كورد لە ناوچەكە چارەسەر نەكرێت، سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدی نایە.

ئاوێنە: بافڵ تاڵەبانی. سەرۆکی یەکێتی بە بۆنەی دەیەمین کۆنگرەی پارتی یەكێتی دیموكراتی(پەیەدە)، پەیامێكی ئاڕاستەی ئەو حزبەی رۆژئاوای كوردستان كردو رایگەیاند، بەستنی کۆنگرەکەتان لە ھەلومەرجێکی ھەستیاردایە کە ناوچەکە و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دوچاری ئاڵنگاریی گەورە بوەتەوە کە لەھەمو کات زیاتر ھاریکاری و کاری ھاوبەش پێویستە بۆ پارێزگاریکردن لە مافە نەتەوەییەکان و ئەو دەستکەوتانەی بەدەستھاتون.

ئاماژەی بەوەشکردوە، باوەڕیان وایە ھیچ کێشە و ئاریشەیەک نییە کە بە گفتوگۆ چارەسەر نەکرێت و باشترین بژاردەش بۆ ئەو گۆڕانکاریانەی ھاتونەتە پێش چارەسەری ئاشتیانە و پەنابردنە بۆ دیالۆگ و ھەتا پرسی کوردیش لە ناوچەکە چارەسەر نەکرێت سەقامگیری لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا بەدی نایەت.

بافڵ تاڵەبانی هیوای خواست ھەمو لایەک بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ لەباوەڕی تەواویان بە پێکەوەژیان و کاری پێکەوەیی ببنە ھاوبەش نەک دوژمنی یەکتری، چاوەڕوانیشن راسپاردە و بڕیارەکانی کۆنگرەی پەیەدە لە خزمەتی زیاتری ئامانجە باڵاکانی گەلی کورد و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی ھەمو گەلان بێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×