وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، بەو پارەیەوە كە ئەمڕۆ بەغدا ناردویەتی، 243 ملیار دینار كورتهێنان هەیە بۆ دابەشكردنی موچە. دەشڵێت، لەبارەی پڕكردنەوەی كورتهێنانەكە بڕیاردەدەن و ئەمشەو یان سبەی دوشەممە، لیستی موچە بڵاودەكەنەوە.
ئاوێنە: هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێم، ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە، لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا وتی، ئەمڕۆ بەغدا 572 ملیار دیناری ناردوە، مانگی پێشوش یەك ترلیۆن و 181 ملیار دیناری ناردبو كە 183 ملیار دیناری لێ مابوەوەو بەوەی لە مانگی پێشو ماوەتەوە لەگەڵ ئەوەی ئەمڕۆ نێردراوە دەكاتە 755 ملیار دینار.
وتیشی، ئێمە بۆ ئەم مانگە بەدەقیقی پێویستمان بە 998 ملیار دینارە بۆ موچە، ئەو كورتهێنانەی هەیە بەغدا بڕیویەتی، تیمەكانی ئێمە ئێستا لەگەڵ بەغدا لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی بڕیار بدەین چۆن مامەڵەی لەگەڵ بكەین و ئێمە داوای رونكردنەوەمان لە بەغدا كردوە چونكە ئەمڕۆ پارەكەیان ناردوە.
ئاماژەی بەوەشدا، لە نزیكترین كاتدا لیستی موچە بڵاودەكەینەوەو ناگاتە كۆتایی هەفتە، بگەینە ئەوەی كە ئەو كورتهێنانە پڕبكەینەوە، ئەمشەو یان سبەی لیستی موچە بڵاودەكەینەوە.