سەعدی پیرە: هاوڵاتیان رۆژی هەڵبژاردن سزای ئەو كەسانە بدەن كە بونە هۆی دواكەوتنی موچەكانیان
  2024-09-22       254       

سەعدی پیرە. وتەبێژی یەكێتی لەبارەی دروشمی حزبەكەیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە بریتییە لە "كۆتایی پێدەهێنین"، دەڵێت، یەكێتی كۆتایی بە تاكڕەوی، پاشاگەردانی، بەبارمتەگرتنی موچەو دەستگیركردنی رۆژنامەنوسان دەهێنێت. داواش لە هاوڵاتیان دەكات كە رۆژی هەڵبژاردن سزای ئەو كەسانە بدەن كە بونە هۆی دواكەوتنی موچەكانیان و دەشڵێت، رۆژی 25ی ئەم مانگە دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن دەكرێت.

ئاوێنە: سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئەمڕۆ یەكشەممە، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "(كۆتایی پێدەهێنین.)، دروشمی یەكێتییە بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، واتا كۆتایی بەتاكڕەوی و پاشاگەردانی و دەستگیركردنی رۆژنامەنوسان و بەبارمتەگرتنی موچەی هاوڵاتیان و دەستێوەردانی دەرەكی لەكاروباری ناوخۆو هەڵبژاردنی گوماناوی دەهێنین، یەكێتی دەیەوێت هەڵبژاردنێكی بێگەردی دور لەتەزویر بەڕێوەبچێت و لەگەڵ لایەنەكانی دیكە خەبات دەكات دژی گەندەڵی".

لەبارەی دواكەوتنی دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردنیشەوە وتەبێژی یەكێتی رایگەیاند: "كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق لەڕوی یاساییەوە وردبینی لەسەر ناوی كاندیدەكان تەواونەكردبو بۆیە بڕیاردراوە رۆژی 25-9-2024، هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێبكات".

راشیگەیاند: "یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردندا نییە، هاوكات ئەمریكاو ئێران و وڵاتانی دراوسێش كۆكن لەسەر ئەوەی هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت و ببێتە هۆی توندوتۆڵكردنی ئیدارەی هەرێم و نەهێشتنی تاكڕەوی و پەرلەمانێكی كارا".

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا وتی"هیوادارین هەمو كەسێك باش بەدواداچون بكات بۆ هەڵبژاردن لەنێوان (هەژماری من) و (تەوتین)، ئەوە هەڵبژێرێت كە لە بەرژەوەندی خۆیەتی، تەوتین هەمو پشتیوانییەكی یاسایی هەیە بۆ ئەوەی خەڵك فلسێكی بە خەسار نەچێت، داواكارم لەهاوڵاتیان رۆژی هەڵبژاردن لەسەر سندوقەكانی دەنگدان ئەو كەسانە سزابدەن كە بونە هۆی دواكەوتنی موچەكانیان".

وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وتیشی: "كوردستان بەشێكە لەعیراق و دەبێت بەیەكەوە كاربكەین، نەك وەك ئۆپۆزسیۆن لێرەوە دژی بەغدا قسەبكەین، چونكە كورد چەندین پۆستی وەك سەرۆككۆمارو جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و وەزیرانی دەرەوەو دادی لە بەغدا هەیە، كەواتە شەریكین لەو دەوڵەتە بۆیە هەرناكۆكییەك هەبو پێویستە لەكۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا تیمی حكومەت  گفتوگۆی بكات".

لەبارەی ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی لەعیراق، سەعدی ئەحمەد پیرە وتی: "ئەجامدانی سەرژمێری لەعیراق، بۆ كورد لەهەڵبژاردن گرنگترە چونكە هەڵبژاردن چوار ساڵ جارێك ئەنجامدەدرێت و لایەنە سیاسییەكان كوردستانین، بەڵام سەرژمێری دەبێت گرنگی پێدەین چونكە ئەگەر سەرژمێری بەباشی بەڕێوەبچێت ئەوا براوەین، بەپێچەوانەشەوە كورد دۆڕاوە".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×