بڕیارە ئەمڕۆ شاندێکی عێراق سەردانی هەولێر و سبەینێش شاندێکی هەرێم سەردانی بەغدا بکات بۆ پرسەی مووچەی فەرمانبەران.
بەپێی زانیارییەکان، ئەمڕۆ یەکشەممە، شاندێکی وەزارەتی دارایی عێراق سەردانی هەولێر دەکات، ئامانجی هاتنی شاندەکە، تاوتوێکردنی ڕێکارەکانی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق و پرسی مووچەی هەردوو مانگی هەشت و نۆیە.
هاوکات بڕیارە سبەینێ شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئۆمێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی هەردوو ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان و چارەکردنی یەکجارەکیی مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆران؛ سەردانی بەغدا بکات.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە ئەمڕۆ بەغداد بڕی ٥٧٢ ملیار دیناری خستە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ تەواوکاری مووچەی مانگەکانی حەوت و هەشت.