كەشناسی هەرێم پێشبینی دەكات لە 48 سەعاتی داهاتودا، بارینی تاوە باران و نمە باران لە هەندێك ناوچەی هەرێم بەردەوام بێت لەگەڵ ئەوەش سبەی یەكشەممە پلەكانی گەرما چەند پلەیەك بەرزببنەوە.
ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا وتی، ئەمڕۆ شەممە، ئاسمان لە نێوان نیمچەهەور بۆ هەوری تەواو دەبێت و پێشبینی بارینی نمە باران و تاوە باران دەکرێت بەتایبەتی لە پاریزگای دهۆک و ناوچە شاخاوییەکانی سەر بە پارێزگای هەولێر بەڵام ئاسمان لە پارێزگای سلێمانی و کەرکوک و هەڵەبجە پەڵەهەور و نیمچەهەور دەبێت.
بەپێی راگەیەندراوەكە ئەمڕۆ پلەکانی گەرما نزیك دەبن لە تۆماركراوەكانی دوێنێ.
هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، سبەی یەكشەممە، ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ دروسبونی هەندێ پەڵەهەوری جیا جیا، بەڵام لە ناوچە شاخاوییەکانی سەر بە پارێزگای دهۆک هەوری تەواو دەبێت و هەندێکجار نمە بارانی لەگەڵدایە.
هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە سبەی پلەكانی گەرما، 2 تا 3 پلە بەرزتر دەبن لە تۆماركراوەكانی ئەمڕۆ.
كەشناسی هەرێم پێشبینی كردوە بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی بەم جۆرە بن: ھەولێر: 35، سلێمانی: 34، دھۆک: 33، کەرکوک: 40، ھەڵەبجە: 36، زاخۆ: 33، سۆران: 31، حاجی ئۆمەران: 22، گەرمیان: 41 پلە.