ئەمڕۆ 20ی ئەیلول رۆژی جیهانی پاككردنەوەی ژینگەیە، رێكخراوێكی بواری پاراستنی ژینگە دەڵێت، یەکێک لە گرفتەکان لە هەرێمی كوردستان زوربونی پاشماوەی ماڵان و شوێنە گشتییەکانە، کە مەزەندە دەکرێ ڕۆژانە زیاد لە7 ۷هەزار تەن پاشماوە هەبێت.
ئاوێنە: لە 8ی کانونی دوەمی 2023، کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان بە کۆی دەنگ لە دانیشتنی 78ی خۆیدا، بڕیارنامەی 78/122ی "ڕۆژی جیهانی پاککردنەوەی ژینگە"ی پەسەند کردو بڕیاریدا 20ی ئەیلول وەک ڕۆژی جیهانی پاککردنەوەی ژینگە دەستنیشان بکرێت کە ساڵانە یادی دەکرێتەوە.
رێكخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە، ئەمڕۆ هەینی 20ی ئەیلول، بەبۆنەی رۆژی جیهانی پاككردنەوەی ژینگەوە لە پەیامێكدا رایگەیاند، لە بڕیارنامەکەی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتوەكاندا داوا لە هەمو وڵاتانی ئەندام و ڕێکخراوەکانی سیستەمی نەتەوە یەکگرتوەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکانی دیکە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە لەوانە کۆمەڵگەی مەدەنی و کەرتی تایبەت و ئەکادیمیا كراوە کە بە ڕێکخستنی چالاکییەکان بە ئامانجی ڕۆژی جیهانی پاککردنەوەی ژینگە بە شێوەیەکی ڕێکوپێک یادی ڕۆژی جیهانی پاککردنەوەی ژینگە بکەنەوە.
رێكخراوی ئایندە ئاماژەی بەوەداوە كە بەپێی بەرنانمەی گەشەپێدانی نەتەوە یەكگرتوەكان، بەرهەمهێنانی پاشماوەی ڕەقی شارەوانییەکان لە 2.1 ملیار تۆن لە ساڵی 2023 بۆ 3.8 ملیار تۆن تا ساڵی 2050 بەرز دەبێتەوەو زیاتر لە دو ملیار کەس دەستیان بە خزمەتگوزاری کۆکردنەوەی پاشماوەکان ناگات و زیاتر لە سێ ملیار کەس ئامرازی کۆنترۆڵکراوی وەرگرتنەوە یان فڕێدانی پاشماوەیان نییە.
رێكخراوی ئایندە وتویەتی، لە هەرێمی کوردستانیش، یەکێک لە گرفتەکان زوربونی پاشماوەی ماڵان و شوێنە گشتییەکانە، کە مەزەندە دەکرێ ڕۆژانە زیاد لە 7 هەزار تەن پاشماوە هەبێت.
هێمای بۆ ئەوەش كردوە، تاوەکو ئێستا لە هەرێمی كوردستان کۆکردنەوەی پاشماوەکانی ماڵان و شوێنە گشتییەکان، بە هێزی دەستی ئەنجام دەدرێ و کەمترین سود لە تەکنەلۆژیا وەرگیراوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، زوربونی پاشماوەکان و فڕێدانیان بەشێوەی نازانستی یەکێکی ترە لە گرفتە گەورەکان لە هەرێمی كوردستان.
هەروەها جەختیشی كردۆتەوە كە نەبونی کارگەی ڕیسایکڵین و فڕێدان و سوتاندنی پاشماوە لە ئێستاو داهاتو دەبێتە گەورەترین گرفتی ژینگەیی بۆ هاوڵاتیانی هەرێم.
بڕیارە ئەمساڵ وڵاتی نەوریج میوانداری چالاکیی ئەمساڵی پاككردنەوەی ژینگە بكات بە ناوی “شارەکانی جەمسەری باکورو پاشماوەی دەریایی."