رونكردنەوەی وەزارەتی بەرگریی عێراق لەبارەی پێدانی تۆپی هاویتزەر بە پێشمەرگە
  2024-09-20       285       

وەزارەتی بەرگریی عێراق لەبارەی پێدانی تۆپی هاویتزەر بە هێزەكانی پێشمەرگە رایگەیاند، گرێبەستی كڕینی ئەو تۆپانە بەر لە حەوت ساڵ ئیمزاكراوەو ساڵی رابردو گەیشتونەتە بەندەری ئوم قەسرو رادەستكردنیشیان لەسەر بنەمای یاداشتێكی سەرۆك ئەركانی سوپا بوە بۆ فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق ئەوەش لەدوای گرتنەبەری تەواوی رێوشوێنە پێویستەكان.

ئاوێنە: وەزارەتی بەرگریی عێراق، شەوی پێنجشەممە، رونكردنەوەیەكی لەبارەی رادەستكردنی چەند تۆپهاوێژێكی هاوتزەر لە جۆری 105 ملم بە هێزەكانی پێشمەرگە، بڵاوكردەوە.

رۆژی 6ی ئابی 2024، ژمارەیەک تۆپی هاویتزەر رادەستی وەزارەتی پێشمەرگە كران و دوای ئەوە لە رێوڕەسمێكدا تۆپەكان درانە هەردو فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانی (1 و 2)ی وەزارەتی پێشمەرگە، ئەوەش كاردانەوەی لەسەر ئاستی عێراق بەدوای خۆیدا هێنا.

لەبەرامبەر كاردانەوەكاندا، وەزارەتی بەرگریی عێراق لە رونكردنەوەكەیدا وتویەتی، گرێبەستی كڕینی ئەو تۆپانە لەو سەردەمەدا كراوە كە عیرفان حالی وەزیری بەرگری بوە پاشان گرێبەستەكە لەو سەردەمەدا كە جومعە عیناد وەزیری بەرگریی عێراق بوە هەمواركراوە.

ئەوەشی خستۆتەڕو، پارەی ئەو تۆپانە بەر لە پێكهێنانی حكومەتی ئێستای عێراق دراوە.

رونیشیكردۆتەوە كە تۆپەكان لە 20ی تشرینی دوەمی ساڵی 2023 گەیشتونەتە بەندەری ئوم قەسر و وێڕای ئەوەی ساڵێك بو گەیشتبونە ئوم قەسر، هێشتا رادەستی وەزارەتی پێشمەرگە نەكرابون.

ئاماژەی بەوەشداوە، تۆپەكان لەسەر بنەمای یاداشتێكی سەرۆك ئەركانی سوپای عێراق بۆ فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان رادەستی وەزارەتی پێشمەرگە كراون ئەوەش لەدوای گرتنەبەری سەرجەم رێوشوێنە پێویستەكان.

وەزارەتی بەرگریی عێراق جەختی كردۆتەوە كە هێزی پێشمەرگە هێزێكی نیشتمانییەو هیچ گومانێك لەبارەی وەلائی بۆ عێراق نییە، پرسی ئەو تۆپانەش دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە حەوت ساڵ لەمەوبەر.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×