دەستەی گشتی باجەكانی عێراق رایگەیاند، لە ئێستادا هەنگاوی یەكەمیان لە كاركردن لەسەر رەشنوسی هەمواری یاسای باجی دەرامەت تەواو كردوەو هەموارەكە "باجێكی دادپەروەرانە" بەدی دەهێنێت و ئەو یاسایەی ئێستا هەیە هی زیاتر لە 40 ساڵ لەمەوبەرە.
ئاوێنە: عەلی عەلاوی، سەرۆكی دەستەی گشتی باجەكانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە میدیای رەسمی وڵاتەكەی وت، رەشنوسی یاسای باجی دەرامەتی نوێیان پێگەیشتوە بۆ هەمواركردنی یاسای باج بە هاوكاری دەستەكەیان لەگەڵ لیژنەی باڵای ریفۆرمی باج و رێكخراوی گیزی ئەڵمانی.
ئەوەشی خستۆتەڕو، یاسای باجی دەرامەت كە هی ساڵی 1982ە، زیتر لە 42 ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە كە هێشتا كاری پێدەكەین.
ئاماژەی بەوەشداوە، یەكێك لە ئامانجەكانی دەستەكەیان هەمواركردنی یاساكەیەو لە ئێستادا هەنگاوی یەكەمیان بۆ كاركردن لەسەر رەشنوسی هەمواری یاساكە تەواوكردوەو دواتر رەشنوسەكە دەخە بەردەم لایەنە پەیوەندیدارو پسپۆڕەكانی ئەنجومەنی دەوڵەت، نوسینگەی سەرۆك وەزیران، وەزارەتی دارایی و پاشانیش دەنردرێت بۆ پەرلەمان بەمەبەستی دەنگدان لەسەری.
بەپێی قسەی سەرۆكی دەستەكە، ئەو ماددە و بڕگانەی كە بۆ یاسای باج زیادكراون لە رەشنوسە نوێیەكەدا زۆرن و هەمو ئەو شتانە دەگرێتەوە كە دەبنە مایەی هێنانەدی باجێكی دادپەروەرانە كە بگونجێت لەگەڵ ئەم سەردەمە نوێیەو پێشكەوتنەكانی تەكنەلۆژیادا هەر لە پێدانی پارە بەشێوەی ئەلیكترۆنی و حەواڵەكردنی ئەلیكترۆنی.
ئەوەشی وتوە، دەستەكەیان لیژنەی باڵای ریفۆرمی باج، شەش مانگە كاردەكەن لەسەر هەمواری یاساكەو ئەوەش لەلایەن سەرۆك وەزیرانەوە چاودێری دەكرێت و گرنگییەكی زۆری پێ دەدرێت.