هاوڕێ جەمال
موسا عەنتەر، گەورە رووناکبیرو سیاسەتمەدارو رۆژنامەنووس و یاساناسی کوردی باکوری کوردستان، لە ساڵی ١٩٢٠ لە گوندی (زڤینگێ) ی سەر بە شارۆچکەی نوسەیبینی پارێزگای مێردین، لەدایک بووە، دایکی موسا عەنتەر یەکەم موختاری ژن بووە لە تورکیا، لەساڵی ١٩٤٤ ژیانی ھاوسەری پێکھێناوەو خاوەنی دوو کوڕو کچێک بووە، بە ناوەکانی عەنتەر و دیجلە و ڕەشێ، لە ٢٠ /٩/ ١٩٩٢ لەسەر دەستی کۆمەڵێک چەکداری نەناسراو تیرۆر ئەکرێ.
سەبارەت بە نووسینەوەی بیرەوەرییەکانی ژیانی ئەڵێ «ھەرگیز بیرم لە نووسینەوەی سەربردەی ژیانم نەکردۆتەوە، بەڵام پێدەچێ کە مرۆڤ تەمەنی ھەڵدەکشێ و بیرەوەرییەکانی کەڵەکە دەبن، حەز بکا شان بداتە بەر کارێکی ئاوا، ئەمەش لە پێناو رووناکردنەوەی رێگای منداڵ و نەوەکانی داھاتووی کورد».ل٢١
یادەوەرییەکانی ئەم خەباتگێڕە مەزنەی کورد، بەڕێز محەمەد عزەدین لە زمانی تورکیەوە وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، و لەلایەن دەزگای فام بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، خراوەتە بەردیدی خوێنەران .
*ئامانجی عەنتەر لە نووسینەوەی بیرەوەرییەکانی
موسا عەنتەر لە نووسینەوەی بیرەوەرییەکانیدا، خۆی بەدوورگرتووە لە باسکردنی ژیانی تایبەتی خۆی نەک لەبەرئەوەی ژیانی تایبەتی لەکەو پەڵەی رەش و شەرمەزاری تێدابێ، بەڵکو وەک خۆی ئەڵێ ئەو باسانە ھیچ سودێک بە رۆڵەکانی کورد ناگەیەنێ، بۆیە زیاتر لە نووسینەوەی بیرەوەریەکانی سەری پڕژاوەتە سەر ئەو وێستگانەی ژیانی کە زیاتر رەھەندێکی سیاسی و نەتەوەییان ھەیە، ئەمەش وەک خۆی ئەڵێ بۆ ئەوەی رۆڵەکانی داھاتوو سوودی لێ وەربگرن، (خوێنەری عەزیز، ئەوانەی ئێوە دەیخوێننەوە، یادەوەری خۆمە دەیانووسم، لە ھەمان کات ئەو نووسینانەم سەرگوزشتەی نەتەوەیەکی زوڵملێکراوە بە ناوی کورد و ھی وڵاتێکە بەناوی کوردستان، لەسەردەمێکی دیاری کراو و وڵاتێکی ناسراو. من وەکو ھەندێک لەو نووسەرانە یادەوەریەکانیان دەگێڕنەوە، باسی ئەوە ناکەم دایکم منی زۆر خۆشدەویست و خواردنی خۆشی بۆ دروست دەکردم......من نامەوێ باسی ئەو بابەتە تایبەتییانە بکەم. چونکە باسکردنی ئەو مژارە کەسییانە لەناو کۆمەڵگەیەکی پەرێشانی وەکو ئێمە، ھیچ واتایەک نادا.) ل٤١٣
(ئامانجی من باسکردنی خێزانە گەورەکەیە، باسکردنی کۆمەڵگای کوردی و وەرگێڕان و باسکردنی دەرد و کەسەرەکانیەتی بۆ سەر رووپەڵەکانی مێژوو، تا شتێک لەبارەی ئەو ژیانەی ئێستامانەوە بۆ منداڵانی کورد لە داھاتوودا جێ بھێڵم).ل٤١٣
گێڕانەوەی یادەوەرییەکانیشی تەنھا بۆ ئەوە نەبووە کە وەک چیرۆکی بەرئاگردان مێشک و جەستەمان گەرم کاتەوەو بەدەم گێڕانەوەیان خەو بمانباتەوە، بە ڵکو بۆ ئەوەبووە تاوەکو وەک پرەنسیپ و بەرزەفتێکی سیاسی و پاشان ئەخلاقی نەوەکانی داھاتوو سوودی لێببینن.
(یادەوەرییەکانی بەندیخانە بنی نایە و تەواو نابێت، دوای سی ساڵیش، وا لە ژێر کاریگەریی ئەو رووداوانە یادەوەرییەکانم دەنووسمەوە. بەڵکو منداڵانی کورد، دوای من، وەک پرەنسیپێک سوود لەو ھەموو سەربووردانە ببینن، بۆیە یادەوەرییەکانم بۆ ئەوان تۆمار دەکەم.)ل٢٣٣
لەگەڵ ئەمەشدا، وەنەبێ ھەر ھیچی لەسەر ژیانی تایبەتی خۆی نەنووسیبێ، ئەوەتا تەنانەت چیرۆکی خەتەنەکردنی لە منداڵی و ئەو خوێندنگایانەی کە تێیدا خوێندووە، لەگەڵ چیرۆکی یەکتر ناسینی لەگەڵ خاتوو (عایشە ھالە)ی ھاوسەری و ناونانی منداڵەکانیان و چەندین وردەکاری تری ژیانی تایبەتی، بوونە بەشێک لە نووسینەوەی ئەم بیرەوەریانەی.ل٣٤ و ٥٩ و ٨٢
ئێمەش، وەک خوێنەری ئەم بیرەوەرییانە، ھەوڵ ئەدەین ڕەھەندی جیاجیا بۆ ھەریەک لەو رووداوانە، لەژێر ناونیشانێکی سەربەخۆ، دیاریبکەین.
*پێگەی زمان
موسا عەنتەر یەکێکە لەو کەسایەتیانەی رۆڵی گرنگی بینیوە لە پاراستنی زمانی کوردی لە کوردستانی باکور، وێڕای ھەموو ئەو فشارو ئەشکەنجانەی رووبەڕووی بۆتەوە، ئەم توانیویەتی بەرگەیان بگرێ، بۆ رۆژێکیش بێ لەو پرەنسیپانە لای نەدا، کە وەک کوردێکی رەسەن باوەڕی پێیانبوو.
ئەو لە یەکێک لە دادگاییکردنەکانیدا، دادوەر پێی ئەڵێ تۆ باس لە زمانێک ئەکەی کە بوونی نیە، شتێک نیە ناوی زمانی کوردی بێ، عەنتەریش لە وەڵامدا ئەڵێ «جەنابی دادوەر ، من کۆمەڵێک مریشکم لە ماڵەوە ھەیە، بەیانیان کە دێمە دەرێ و دەبینم برسیانە، دانیان بۆ رۆدەکەم، ئەو کاتەی دان دەدەمە مریشکەکانم دەکەنە دەنگە دەنگ و گارەگار، ئەو دەنگانەی مریشکەکانم دەریدەکەن لەو چەند دەنگە زۆرترە کە ئێوە باسی دەکەن، ئێمە میللەتێکین ھەزاران ساڵە ھەین، ئەی چۆنە بە ئەندازەی ئەو مریشکانە دەنگمان نیە»
لەشوێنێکی تر باس لەوە ئەکا، لەیەکێک لە دانیشتنی دادگاییکردنمدا دادوەرەکە لێی پرسیم کاک موسا بۆچی بە کوردی دەنووسن؟ منیش ئاوا وەڵامم دایەوە «جەنابی دادوەر لە ئیستانبووڵ یەھودی و ئەرمەنی و روومەکان رۆژنامە دەردەکەن، جگە لەوە رۆژنامەی ئینگلیزی و فەرەنسیش دەردەچێ، بۆیە گەر من بە کوردی بنووسم چی دەبێت؟». دادوەر:«بەڕێزم ئەوان کەمینەن». منیش«جەنابی دادوەر یانی لەو وڵاتە کەمینەکان مافیان لە زۆرینەکان پترە؟ چونکە گەر بە قەد کەمینەکان مافم نەبێت، من چی لە زۆرینە بوون بکەم، تکایە ئێوە بڕیار بدەن با منیش بە کەمینە ھەژمار بکرێم»ل٢٤٣
*چەمکی نەتەوە لای موسا عەنتەر
موسا عەنتەر بێ ھیچ دوودڵیەک نەتەوە پەروەری کوردانەی خۆی رائەگەیەنێ، بەڵام لەو نەتەوە پەروەریانە نیە کە وەک نازیەت یاخود فاشیەت نەتەوەی خۆیان بەسەر دەست و نەتەوەکانی تر بەژێر دەست ببینن.ل١٢٧
وەک ئیسماعیل بێشکچیش لە پێشەکی ئەم کتێبەدا ئاماژەی پێداوە، مووسا عەنتەر لەسەردەمێکدا ژیا، نکووڵی لە بوونی کوردو زمانەکەی دەکرا.ل١٢
دەسەڵاتی ئەو کاتەی تورکیا نەک ھەر نکووڵی لە کوردو قەدەغەکردنی زمانەکەی دەکرد، بەڵکو لەسەر ئەو خواردنە کوردەواریانەش لێپێچینەوەی ئەکرد کە لە چێشتخانەکاندا لێ دەنران،(سەردەمی ساڵانی جەنگی جیھانی دووەم بوو، زۆر بێ پارە بووین، جا خۆ پارەشمان ھەبوایە ھیچ شتێک نەبوو بیکڕین، ناچار لە شارە کوردییەکانەوە ساوەرو نیسک و قاورمەو خواردنمان بۆ دەھات . لەگەڵ نەبوونی چ ناکرێ، بۆیە بە ناچاری بەردەوام ئەوانەمان دەخوارد، لەگەڵ سەلکە پیازی گەورە گەورە. ئێمە لە نەبوونیان ئەوانەمان دەخوارد، کەچی ھەندێک لایەن ئەو ڕەزالەتەی ئێمەیان بە شێوەیەک بە پۆلیس گەیاندبوو کە موسا عەنتەر پڵاو ساوەر و گۆشت لەگەڵ پیاز دەرخواردی قوتابییە کوردەکان دەدا تا لەگەڵ خواردنی ئیستانبوڵ ڕانەیەن، و خواردنە نەتەوەییەکانی کورد لە بیر نەکەن. لەسەر ئەوە جارێکی دیکە بانگھێشتی بنکەیەکی دیکەی پۆلیس کرامەوە).ل٩٩
*رەخنە و یادەوەرییەکان
ئەوەی تێبینی ئەکرێ لەم یادەوەریانەدا موسا عەنتەر زیاتر لە رێگەی کەسایەتیە سیاسی و ئایینی و نەتەوەییەکانەوە درگای رووداوەکان بەرووی خوێنەردا دەکاتەوە، کە ھەر ئەمەش بۆتە جێی رەخنەی بەشێک لەو کەسانەی، بەدەم خوێندنەوەی یادەوەرییەکانی رێی ھاوسەفەریان لەگەڵ ئەم پیاوە مەزنە گرتۆتە بەر.
ئەوەتا خۆشی لە شوێنێکدا ئەوەی نووسیوە ئەو رەخنەیە بۆ من دێت بەم شێوەیەیە:
«بەڕێز موسا عەنتەر یادەوەرییەکانت بەردەوام لەگەڵ کەسانی ئەرەستۆکرات بووە، یانی لەگەڵ کەسانی خانەدان. بۆیە تۆش وەک شاعیرەکانی دەربار بەردەوام تەنیا باسی ئەوانت کردووە، چونکە پێ ناچێ ھیچ یادەوەریەکت لەگەڵ خەڵکی ئاسایی ھەبووبێ.»ل٥٣٠
ھەر لەبەر ئەم رەخنانەیە موسا عەنتەر بەشێکی یادەوەرییەکانی لە بەرگی دووەمدا لەگەڵ کەسانی سادەو ئاسایی دەگێڕێتەوە.
*پلە و پۆست
موسا عەنتەر لەسەر زاری تۆفیق دەمیر ئۆغڵۆ سەرگوزشتەیەکمان بۆ ئەگێڕێتەوە، کە مرۆڤ ئەتوانێ بە درێژایی تەمەنی بەمەبەستی ھەڵنەخلیسکانی لە قادرمەکانی دەسەڵات دەستیانی پێوەبگرێ، و پلەو پۆست لە خشتەیان نەبا.
تۆفیق دەمیر ئۆغڵۆ دەگێڕێتەوە کاتێک منداڵ بووەو لای باپیری سەید تەھا ئەفەندی قورئانی خوێندووە، ئەو ھەر پێی وتووە؛ تەوفیق سەیرکە لاوۆ، لەوەیە رۆژێک بێت پایەت بەرز بێتەوە، بەڵام باوەڕ بە پۆستەکەت مەکە، کە پایەت بڵند بووە، چونکە لە بیری نەکەی ئەوە پایە بەرزی ھاتۆتە خوارێ و لە ئاستی قاچەکانتدایە.ل١٥٧
*پەیوەندی ئایدیۆلۆژیا بە بیرەوەرییەکانەوە
یەکێک لەو پرسانەی مامۆستای گەورە موسا عەنتەر لەم یادەوەرییانەدا روونیکردۆتەوە ئەوەیە، نووسینەوەی ئەم یادەوەریانە ھیچ پەیوەندیەکی بە پرسی ئایدیۆلۆژیی ئەوەوە نەبووە، بەڵکو زیاتر مەبەستی بە جێھێنانی ئەرکێکی ئەخلاقی بووە.ل٥٣١
ھەر ئەم تێگەیشتنە فراوانەیەتی بۆ پێکەوەژیان، وایکردووە تەنانەت لە یادەوەریەکانیدا بەگەورەیی ناوی ئەو کەسایەتیانە بھێنێ ھەرچەندە بیروبۆچوونی فکریان لەگەڵیدا جیاوازبووە، بەنموونەی بەدیعولزەمان سەعیدی نوورسی (یاخود سەعیدی کوردی)، کە پیاوێکی ئایین پەروەر بووە.
لەبارەی سەعیدی کوردیەوە دەنووسێت ( ئەو ژیانە شەرەفمەندانەکەی زۆر رەنگدار بوو، بە شێوەیەک کاتی نەبوو ھاوسەرگیری بکاو ماڵێک بۆ خۆی دروست بکات) .ل١٢٦
وەک ئاماژەیەک بۆ خاکەڕایی و دونیا نەویستی نوورسی ئاماژە بۆ ئەوە ئەکا، لە پاش مردنی ئەوەی لێی بەجێما، تەنیا سەبەتەیەکی قامیش بووە، کە دوو دەستەسڕ ، و دوو جووت گۆرەوی، و دوو دەرپێ قووت، و دوو ژێر کراس لەگەڵ سەڵتەیەکی درێژی تایبەت بە خۆی، کە لە ناو یەکێک لە گیرفانەکانی حەوت لیرەو نیوی پێچراو لە ناو پەرۆکەیەک، ھیچی تری لێ بەجێنەماوە.
ئەڵێ «پێویستە پیاوە ئایینیە تەماحکارەکانی رۆژھەڵات و رۆژئاوا وانەیەک لەو فەیلەسووفە خاوێنە کوردە وەرگرن و تێبگەن نابێ وەک قاروون بن».ل١٢٩
*پێشکەوتنی رەوشی کوردانی پارچەکانی تر
خاڵێکی تر کە موسا عەنتەر لەم یادەورییانەیدا ئاماژەی پێ ئەکا، کاریگەری پێشکەوتنەکانی رەوشی کوردەکانی عێراقە بەسەر جووڵانەوەکانی کوردستانی باکور، بەتایبەت پاش کودەتاکەی ساڵی ١٩٥٨ ی کە تێیدا کۆتایی بەرژێمی پاشایەتی لە عێراق ھات و عەبدولکەریم قاسم دەسەڵاتی گرتە دەست، ھەروەک نووسیویەتی، (ئەوێ رۆژێ رۆژی خۆش چاوەڕوانی کوردی دەکرد، دەوڵەتی عێراق ئاڵای کوردستانی قبووڵکردبوو، لەگەڵ ئەوەی لە دەستووریش ئاماژەی بەوەکردبوو کە خەڵکی عێراق لە ھەردوو گەلی عەرەب و کورد پێک دێت).ل٢٤٠
*عەنتەرو چەپ و کاری حزبی
موسا عەنتەر کە زۆر جار بە ئاپێ موسا ناوھێنراوە، لەگەڵ ئەوەشدا کە بەشێکی زۆری ژیانی بۆ خەبات لە پێناو ئازادی نەتەوەکەیی و دادپەروەری گشتی تەرخانکردووە، بەڵام زۆرینەی زۆری ئەو چالاکی و ھەنگاوانەی لە دەرەوەی کاری رێکخراوەیی و رێکخستنی حزبی و پارتایەتی ئەنجامداوە.
ئەوەتا کاتێک عەدنان مەندەریس، (١٨٩٩-١٩٦١) سیاسەتمەداری تورک، کە لە نێوان ساڵانی (١٩٥٠-١٩٦٠) سەرۆک وەزیران بووە، داوای لێ ئەکا بچێتە ناو ریزەکانی پارتی دیموکراتی تورکیا، موسا عەنتەر بەم شێوەیە وەڵامی ئەداتەوە«من ناتوانم پەیوەندیم لەگەڵ ھیچ پارتێک ھەبێ، چونکە بەباوەڕی من پارتەکانیش وەک ئایینەکان یان مەزھەبەکانن، وەک چۆن مرۆڤێک لە پێناو بەرژەوەندی تایبەتی زوو زوو ئایین ناگۆڕێت، بە بۆچوونی منیش دەبێ ئەوە بۆ پارتی سیاسیش وابێت»ل٢٠٤
لەگەڵ ئەوەشدا ئەم دوورە پەرێزیەی لە کاری حزبایەتی تا سەرنابێ و دواجار لە ساڵی ١٩٦٥ دەبێتە ئەندامێکی چالاکی پارتی کرێکارانی تورکیا، کە پارتێکی چەپ بووە.
لە وەڵامی ئەو خەڵکانەشی کە پرسیاری ئەوە ئەکەن، بۆچی نەبووەتە کورد پەروەرێکی پارێزگاری راستڕەو، لە بری ئەوە بوویتە کوردێکی چەپ؟ ئەڵێ «دەتوانم بڵێم کورد پەروەرییەکی بە نامووس و شەڕەفمەندانە پاڵی پێوەنام تا ببمە چەپ، چونکە تا ئێستاشی لەگەڵدابێ، مەگەر گەلانی ژێر دەستە تەنیا لە رێگای سۆسیالیزمەوە بتوانن مافی خۆیان بەدەستبھێنن و ئازاد بن»ل٣٥٨
لەگەڵ ئەوەشدا وەنەبێ ھەرچی لافی چەپ بوونی لێدا، موسا عەنتەر سوێندف بەسەری خواردبێ، نەخێر ئەو لەگەڵ ئەوەدا کە دان بەوەدا دەنێ کە زۆر لە چەپە تورکەکان ھاوکارو پشتیوانی دۆزی کورد بوون، بەڵام بۆ ئەو پرسە وای دەبینێ کە چەپی تورک بەسەر دوو بەرەدا دابەشبکرێ:
یەکەم: چەپە راستەقینەکان.
دووەم: چەپە ساختەکان.
بەنموونە ئەو کەسانی وەک بوڵنت ئەچەڤید و ئیلھان سەلچووک و چەتین ئاڵتان و ئوغور مومجومان بە چەپی ساختە لەقەڵەم ئەدا.
* ململانێی نێوان دەسەڵات و کاری رۆژنامەوانی
لە خوێندنەوەی ئەم یادەوەرییانە، ئەتوانین ھاوێنەی چاومان بخەینە سەر چەند رەھەندێکی ژیانی موسا عەنتەر، بەنموونە وەک پانۆرامایەک لە ململانێی نێوان دەسەڵات و کاری رۆژنامەوانی بڕوانین، چونکە بەشێکی زۆری ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵی بەھۆی وتارو نووسینەکانی بووە لە رۆژنامەو گۆڤارەکان، وەنەبێ دەسەڵات ھەر لەم رێگەیەوە موسا عەنتەری راپێچی دادگاو گرتووخانەکان کردبێ، زۆرجار بە بیانووی نا لۆژیکی کە مایەی پێکەنینن ئەم کارەیان لەبەرامبەر ئەنجامداوە، ئەوەتا کاتێک ئەیەوێ ئاشتەوایی لە نێوان دووبەرەی بەشەڕ ھاتوو بکا، بەرەی حەسەن دەیار و بەرەی تارق زیا بە ھۆی ناکۆکیان لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی رێکخراوی مانگی سووری تورکی ئەبێتە شەڕیان، دەزگاکانی ئاساییش ئەم ھەڵوێستەیان بە تاوان بۆ ئەژمارکردووە و پێیان وتووە، ئەوە کاری تۆ نیە.ل٢٥١
*پەیوەندیەکانی نێوان جوگرافیاو رۆشنبیر
لە شوێنێکی یادەوەرییەکانیدا موسا عەنتەر، باس لە پەیوەندی نێوان رۆشبیری و جوگرافیا ئەکا، ئەو بەھۆی ئەو تۆمەتانەی دراویەتیە پاڵی، دادگا بڕیاری راگواستنی ئەدا بۆ شارۆچکەیەک بە ناوی چەنە قەلە، ئەو لە وەسفی ئەم شارۆچکەیە ئەڵێ «ھەر چەندە کەپوی بە کەپوی ئەوروپاوە نووسابوو، بەڵام خەڵکەکەی جاھیل و بێ ڕۆشنبیری بوون، لەو شارۆچکەیە نەک یەکێکی لێ نەبووە وتارێک بخوێنێتەوە، بەڵکو کەسێک خوێندەواری بایی نامە خوێندنەوەیەکیش نەبوو»، تەنانەت ئەوەندە کاریگەری ئەم دۆخەی لەسەر بووە، و کاتێک باسی دۆخی دەروونی خۆی ئەکا، ئەڵێ «لە بێ رۆشنبیری ئەم شوێنە خەریک بووە بخنکێم.»ل٣١٣ و ٣١٤
*نھێنی مانەوەی کورد
سەبارەت بەو فاکتەرەی کە وایکردووە کورد لەگەڵ ئەو ھەموو نەژاد پەرستیەی بەرامبەری کراوە، ھێشتا بمێنێتەوە، و لەناو نەتەوەی سەردەست نەتوێتەوە، موسا عەنتەر پێی وایە کورد یەکێکە لەو گەلانەی زۆر پەیوەستن بە دابونەریتی خۆیانەوە، بۆیە گەر ئاوا نەبوایە، دەمێک بوو لەنێو نەتەوە لەنێوچووەکانی جیھان ھەژمار دەکرا.ل٦٠٢
**کۆتایی
وەک گەنجێکی ئەو نەتەوەیەی مامۆستا موسا عەنتەر، گیانی خۆی لەپێناودا بەختکرد، و بیرەوەرییەکانی بۆ نووسیەوە، بۆ ئەو ماوەیەی لەگەڵ دێڕەکانی ئەم بیرەوەرییانەدا ژیام، بە ئەرکی خۆم زانی چەپکێک گوڵ لە باخی ئەم یادەوەریانە پێشکەش بە خوێنەرانی ئازیز بکەم.
لێرەوە داوای لێبوردن لە روحی پاکی موسا عەنتەر ئەکەم کە بە ویستی خۆم و لە کوێ بە گرنگم زانیبێ، دەستم بردووە بۆ لێکردنەوەی ھەندێک چڵ لەبیرەوەرییەکانی، تاوەکو بیکەمە ئەو چەپکە گوڵە و پێشکەشتانی بکەم.