بهوتهی جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەپەرلەمانی عێراق، ئەو عەقڵیەتەی لەبەغدا دروستبووە، عەقڵیەتێکی ناوەندی و قەومییە، دژایەتی هەرێمی کوردستانو پێشمەرگە دەکات. ئهو بهپێویستی دهزانێت كه هەر بودجەیەک بۆ سوپای عێراق دابینبکرێت، پێویستە بۆ پێشمەرگەش بەهەمانشێوە بێتو پڕ چەک بکرێت.
ئاوێنه: مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، ئەو عەقڵیەتەی لەبەغدا دروست بووە، عەقڵیەتێکی ناوەندی و قەومییە، دژایەتی هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە دەکات، دەشڵێت، "دروستبوونی پێشمەرگە لەسەر بڕیار و ئیرادەی گەلێک بووە نەوەک بەبڕیارێک کە بتوانن بڕیاڕەکە هەڵبووەشێننەوە".
ئاماژه بۆ ئهوهش دهكات كه لەگەڵ ئەوەی پێشمەرگە بەپێی دەستوور، بەشێکە لە سیستەمی بەرگریی عێراق، ئەو چەکانەی بۆ پێشمەرگە هاتوون، هەندێک دەنگی نەشاز و دۆڕاو لە عێراق دژی پێدانین بە پێشمەرگە، دەیانەوێت بە دژایەتی کورد بێنەوە گۆڕەپانی سیاسی و دەسەڵات وەربگرنەوە، پێشمەرگە بەرگریی لە هەرێمی کوردستان و سەروەریی عێراق کرد.
مەریوان قەرەنی دەشڵێت، هەر بودجەیەک بۆ سوپای عێراق دابین بکرێت، پێویستە بۆ پێشمەرگەش بەهەمان شێوە بێتو پڕ چەک بکرێت، چونکە بەشێکە لەسیستەمی بەرگریی عێراق.
چهند رۆژێك لهمهوبهر محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی حزبی تەقدوم لەنوسینێكدا لەتۆڕی كۆمەڵایەتی (ئێكس) ئاماژەی بەوەكردبو، چەكداركردنی هێزە ناوخۆییەكان (كە مەبەستی هێزی پێشمەرگە بو) بەچەكی قورس (تۆپهاوێژی قورسی پێشكەوتو) بەتەواوی رەتدەكەنەوە، بەتایبەت كە ئەركی دەستوری ئەوان لەپاراستنی ئاسایشی ناوخۆدا كورتبووەتەوە.